دەوەن مەعروف کتێبی: بۆنی گەنم وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پشکۆ ناکام ساڵ بەوعەیامێک، بەشێکی زۆر لە گەنجانی ساڵانی حەفتاکان بەرەو ژوور، عەوداڵی گۆرانییەکانی ئاوازدانەرو دەنگخۆشی نێودرای ئێران (داریوش ئیقبالی) بوون. لەلای ھەر یەکێكیان، جۆرێک یادەوەریی بۆ خوڵقاند بوون، کە ھەرگیز ناتوانرێت ئەو یادەوەرییانە لهیاد بكرێت. سەردەمی دڵداریی و ھەرزەکاریی و پاشانیش کامڵبوون، ھێشتا گۆرانییەکانی داریوش، بۆنی ئێستایان لێ دێت، ئێشتایش بەو ئاوازانەوە خهمهكان دهنووسنهوه! ھێشتا دڵەکان سووڕی کۆتاییان بە ئاوازەکان نەھێناوه. ئەو دەمانە، بە ئاوازەکان دڵمان خۆش دەبوو چونکە واماندەزانی ژیانمان ڕۆشنتر دەکاتەوە. لە کاتێکدا ھەموومان بە ھێزی تاریکیی تەوق درابووین. لەدوای خوێندنەوەی ئەم ھێشووە شیعرانە تێدەگەین کە داریوش، لەنێو دڵی ھەر یەکێکماندا ماڵێکی بۆ شیعرو بۆ گۆرانی چێکردووە. بەشێکی زۆر لە شاعیرانی ڕۆژئاوا لە سەردەمەکانی زووەوە درکیان بەو داھێنانە کردووە، کە ئەکتەرە شانۆییەکان، جوانترو باشتر دەقە شیعرییەکان دەخوێنەوە! ئەکتەرەکان، بەھۆی زاڵبوونیان بەسەر دەنگە نزم و بەرزەکاندا، جۆرێک لە ئەیستاتیکا بە شیعر دەبەخشن! لێرەوە گەرەکمە بڵێم: پشکۆ ناکام، بە زمانێکی پاراو و بێ گرێگۆل، زاڵبوونی خۆی لەنێو دەقەکاندا سەلماندووە، پێشتر لە ڕێگەی کتێبی (سەد نزار)ەوە ئەو ھەقیقەتەمان بۆ ئاشکرا بوو. کە زمان لەلای پشکۆ ناکام، ھەڵگری جۆرێک لە گەمەی زمانەوانییە و شارەزایانە ڕیتم و فۆرمی دەقەکانی پاراستووە. نووسەری نێوداری فڕەنسییەکان پێر گامارا، دەربارەی شیعرو زمانی شیعر بەمجۆرە دەنووسێت: شاعیری بلیمەت، زمانی پاشەڕۆژ دەخوڵقێنێت. لێرەوە جارهكی دیی ئەو ھەقیقەتەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە داریوش، شارەزایانە دەقە شیعرییەکانی ھەڵبژاردووەو ئاوازی بۆ داناون. بەتایبەت دهقی شاعیرانێکی بۆ ئاوازەکان ھەڵبژاردووە کە باشترین شاعیرانی نێوداری ئێران و زمانی فارسیی بوون، حافزی شیرازی، مەولەوی، ئەحمەدی شاملو، نادر نادرپور، ئەردەڵانی سەرفراز، ئیرج جەنتی عگایی، شھریار قەنبەری، حسێن مەنزوی، سیمین بەھبھانی و گەلێکیتر. تەنانەت ئاوازدانەرە نێودارهكانی ئێران ئاوازیان بۆ داناوەو ھونەرەکەیان بەرز نرخاندووە. وهك: فەرید زلاند، بابەک بەیات، واروژان، ئەسفەندیار مەنفەردزادە، حەسەن شەماعیزادە، بابەک ئەفشار. داریوش لەنێو ئەم شیعرو ئاوازانەوە داھێنانی لە شێوازەکانی موزیکی ئێراندا دروستکردووە وەک: ڕۆک، پۆپ، کلاسیک. ئەمەش بۆخۆی خزمەتێکی بێ وێنەی بە ھونەری موزیک گۆرانی فارس کردووە. داریوش لە ھونەری گۆرانیچڕیندا خاوەنی چەندین خەڵاتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەو به دهنگه بهسۆزهكهی له تۆنی (باص) دونیایهك ههواداری بۆ گۆرانییهكانی مسۆگهر كردووه. ئهم شێوازی ھونەره لەلای داریوش، خزمەتە بە مرۆڤ، سروشت، جوانی، نیشتمان. ھەر ئەمکارەش بۆتە جێگەی سەرسامی بەشێکی مرۆڤایەتیی و ھەرگیز لەیاد ناکرێت. وەرگێرانی تێكستی ئهم گۆرانییانە، بۆخۆی یادخستنەوەی جۆرێک لە ژیانی مرۆڤی کوردە، کە ھەرگیز ھەوادارانی دەنگە بە سۆزەکەی لە بیرناکەن. پشکۆ ناکام. جارێکی تر لەتەک شیعرو ھونەری بەرزی داریوش،دا دەمانباتەوە ماڵی تەنیایی و نیشتمانی بێ دەغڵ و دان و ھەژاری و نەداریی و مرۆڤی بێچارهنووس. …………… *ئەم کتێبە بە ھیمەت و ماندووبوونی ھاوڕێی ھێژامان شۆڕش جوانڕۆیی. کەوتە ژێر ڕۆشنایی چاپکردن.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure