19/2/2020 11:05 AM

چیرۆك بە تامی ئەفسانە

دواین كتێبێك كە خوێندمەوە كۆمەڵەچیرۆكی « دنیا سێ پیتە» لە نووسینی چیرۆك نووسی بەڕێز كاك «مەحموود نەجمەیدین» ە. لەم كۆمەڵە چیرۆكەدا قەڵەمەكەی كاك مەحموود سەر دەكێشێتە دنیای ڕئالیسمی جادووییەوە و دەمانخاتەوە بیری حكایەتە قەدیمییەكان و ترس و خۆف و هەڵچوون و داچوون و دڵەڕاوكێیی ئەو چیرۆكە ئەفسانەییانە تێكەڵ بە ژیانی مرۆڤی ئێستا دەكات و بە زمانێكی ڕەوان و خۆماڵیانە دەیانگێڕێتەوە. مەحموود نەجمەدین ئاوێنەیەك لە گێڕانەوە بەرەو ڕووی خوێنەر دادەنێت، كە لەلایەكی ئاوێنەكەدا ژیاینی مودێڕی سەردەمی تێدا دیارەو، لەلایەكی دیكەی ئاوێنەداشدا، دیمەنی پڕ لە ترس و سام و جادووبازی مرۆڤەخەیاڵییەكانی نێو چیرۆكە ئەفسانەییەكانی تێدا بەدی دەكرێت و هاوكات دو نیای جیاواز وێنادەكات و تێكەڵ بە ڕۆحی یەكتریان دەكات و چیرۆكێكی نوێیان لێ دەخولقێنێت.
چیرۆكەكانی توێی كتێبی: « دنیا سێ پیتە» هاوكات چیرۆكێكی كۆنن لە دنیای مودێڕندا و، چیرۆكێكی مودێڕنیشن لە دنیای كۆندا. نووسەر ئەو دوو دژەی زۆر بە جوانی و شارەزایانە لە یەك موتوربە كردووە و تێیاندا باسی كەڵكەڵەكانی مرۆڤی سەردەمی تێدا وێنا كردوون و لە ویستە دەروونییەكانیان دواوە.
نووسراوەكان بانگەوازی ئەوە دەكەن كە نووسەری ئەم نووسراوانە كەسێكی وردبین و ئاشقی دنیای گێڕانەوەیەو، خوێنەر لە كاتی خوێندنەوەی چیرۆكەكانیدا هەست بەوە دەكات كە نووسەرـ بە پێچەوانەی كۆمەڵێك لە چیرۆك نووسانی ئێستا ـ كارەكانی سەرسەری نەگرتووە و بە دڵەوە پێی ناوەتە دنیای نووسین و خوێنەر و نووسینی لەلا گرینگە و ڕێزیان لێدەگرێت و هەر لە بەر ئەو هۆیەش خۆی بە كارەكانییەوە ماندوو دەكات.
هەر ئەو بە تەنگەوە بوون و هەست بە بەرپرسایەتیكردنەی نووسەری ئەم كۆمەڵەچیرۆكە، كارێكی وای كردووە كە خوێنەر چێژ لە كارەكانی وەربگرێت و چیرۆكەكانی وەك دیارییەكی بەنرخ و گرینگ بۆ ئەدەبی كوردی چاو لێبكات و بە ڕێزەوە لە ماندو و بوونەكانی نووسەر بڕوانێت.
منیش وەك خوێنەرێكی ئەم كۆمەڵە چیرۆكە وێڕای ئەوەی ئاواتەخوازم كۆی بەرهەمەكانی ئەم نووسەرە ئازیزم دەسكەوێت و بیانخوێنمەوە، هیواداریشم قەڵەمەكەی كاك مەحموود نەجمەدین هەر لە گەڕدا بێت، هەتا بتوانێت لە داهاتوودا خزمەتی زیاتر بە دنیای گێڕانەوەی كورد بكات و ئەدەبەكامان، لەو قەڵەمە دەروەستە بەهرەی زیاتر و بەنرختری دەست كەوێت.
بۆكان 29/11/2719
قادرعەلیخا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved