20/2/2020 01:09 PM

ئێکسپریا L4؛ نوێترین بەرهەمی سۆنی

کۆمپانیای سۆنی پەردەی لەسەر نوێترین بەرهەمی خۆی لادا. ئێکسپریا L4 خاوەنی کامێرایەکە کە لە سێ بەش پێکهاتووە. سۆنی ئێکسپریا L4، بە هەندێک ئاڵوگۆڕ بەنسبەت ساڵی رابردوو سەرلەنوێ رەوانەی بازاڕ کراوە. ئەم مۆبایلە لەهەندێک تایبەتمەندیدا تا رادەیەک هاوشێوەی مۆدێلی "ئێکسپریا 1"ـە، بۆ نموونە کامێرای سێ بەشی و هەروەها نسبەتی دەرکەوتی وێنە لەشاشەی مۆبایلەکەوە کە "21:9"ـە. سۆنی بۆ ئەم مۆبایلە شاشەی 6.2 ئینچی LCD تەرخان کردووە  کە کواڵیتییەکەی HD+ـە.
لەبەشی پشتەوەی ئەم مۆبایلە ژاپۆنییەدا چاومان بە کامێرایەکی سێ بەشی ئەکەوێت. هەستەوەری سەرەکی ئەم کامێرایە توانستەکەی 13 مێگاپیکسڵ و هەستەوەرێکی 5 مێگاپیکسڵی UltraWide و هەستەوەرێکی 2 مێگاپیکسڵی بۆ بەراوردی قووڵایی وێنەکان، هاوکاری کامێرا سەرەکییەکە ئەکەن. کامێرای تایبەت بە سێڵفی لەم مۆبایلەدا لە قووڵکەیەکی بچووک لە سەرەوەی شاشەکە جێگیر بووە.
سۆنی ئێکسپریا L4 لەباری تەکنیکییەوە پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەنسبەت زنجیرەی پێش خۆیەوە نەبووە. وزەی ئەم بەرهەمە لەلایەن "چیپسێت مۆدیاتێک P22"ـەوە دابین ئەبێت. ئەم سیستەمە لەلایەن رامێکی 3 گیگابایتی و بیرگەیەکی 64 گیگابایتییەوە هاوکاری ئەکرێت. سۆنی جەکی هێدفۆنی 3.5 میلیمەتری لەسەر ئەم مۆبایلە جێگیر کردووە.
ئێکسپریا L4 بۆ دابین کردنی وزەی خۆی لە پیلێکی 3580 میلی ئەمپێری کەڵک وەردەگرێ کە بەنسبەت پیلی ئێکسپریا L3 کە پیلەکەی 3300 میلی ئەمپێر بوو، پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیەوە. ئەم مۆبایلە هەروەها سیستەمی شەحنی خێراش سەپۆرت ئەکات. بەکارهێنەران لە هەندێک وڵات ئەتوانن لەبەهاری ئەمساڵەوە ئەم مۆبایلە زیرەکە لە چەند رەنگدا بکڕن، بۆ نموونه رەنگی شین و رەش. کۆمپانیای سۆنی هێشتا نرخی ئەم بەرهەمە نوێیەی دیاری نەکردووە.

 

سەرچاوە: gsmarena

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved