21/2/2020 07:04 PM

ڤایرۆسی كۆرۆنا.. نیشانەو خۆپاراستن

كۆرۆنا بریتيیە لە كۆمەلێك لە ڤایرۆس و دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنی مرۆڤ و ئاژەڵ و كاتێك توشی مرۆڤ دەبێت كۆمەڵێك كێشەی تەندروستی لێدەكەوێتەوە.

ناوی كۆرۆنا واتا چەپكەگوڵ یاخود تاج و ئەوە ناوەش لەوشێوە خڕەوە ناونراوە كە لەژێر وردبیندا ئەو ڤایرۆسە شێوەی خڕەو لە شێوەی تاجی پادشا دەردەكەوێت.

مێژووی سەرهەڵدانی كۆرۆنا:
بۆ یەكەمجار ڤایرۆسی كۆرۆنا لە باڵندە دەركەوت لە ساڵی 1937 و دواتر لە ئاژەڵە شیردەرەكان و پاشان لە ساڵی 1960 بۆ یەكەمجار گواسترایەوە بۆ مرۆڤ، لە ساڵی 2003 لەشێوەی نەخۆشی سارس دەركەوت و نزیكەی 800 كەس بەهۆیەوە بوونە قوربانی و لە ساڵی 2012 لە سعودیە دەركەوت و ناونرا كۆرۆنای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جۆرەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا:
حەوت جۆر ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە لەوانە ڤایرۆسی كۆرۆنای پەیوەندیدار بە سارس و ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی پەیوەندیدار بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2012 و ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ناسراو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای ووهان.

1- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی E229 (HCoV-229E).
2- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی OC43  (HCoV-OC43).
3- ڤایرۆسی كۆرۆنای پەیوەندیدار بەسارس (SARS-CoV).
4- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی NL63 (HCoV-NL63).
5- ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی HKU1.
6- ڤایرۆسی كۆرۆنای پەیوەندیدار بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MERS-CoV) و پێشتر ناسراو بوو بە ڤایرۆسی نویی كۆرۆنا (2012 HCoV-EMC).
7- ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (nCoV) و ناسراوە بە ڤایرۆسی كۆرۆنای ووهان.

ڤایرۆسی كۆرۆنا:
هەمان زنجیرەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای بەرازو باڵندەیەو ڤایرۆسەكە خانەو ناوكی نیەو ترشی ناوكی هەیەو ئەم ڤایرۆسە ترشەناوكی RNA هەیەو بە یەكگرتنی لەگەڵ DNA خانەخوێ بەردەوام خۆی دەگۆڕێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی لە ساڵی 2003 دۆزرایەوە كە دەبێتە هۆی هەناسە توندی زۆرو ناونرا ڤایرۆسی كۆرۆنای پەیوەندیدار بە سارس و ساڵی 2012 جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سعودیە دۆزرایەوەو سەرەتا ناونرا ڤایرۆسی كۆرۆنای 2012 و لە ئێستا ناسراوە بە كۆرۆنای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ساڵی 2015 ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆریای باشوور بڵاوبۆوەو لە ئێستادا لە چین و چەند وڵاتێكی دیكە بڵاوبۆتەوە.

نیشانەكانی كۆرۆنا:
هەمان نیشانەكانی ئەنفلۆنزای وەرزیەو دیارترین نیشانەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتیيە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و دروستبوونی ئاوی لوت و هەوكردنی قوڕگ و كۆئەندامی هەناسەو نیشانەكانی هەڵامەت و سەرمابوون و كۆكەی وشك و پژمین و ئازاری پەلەكان و ماسولەكەكان و دوای 3 بۆ 7 رۆژ هەناسە توندی و گرفتی كۆئەندامی هەناسە دروستدەبێت.

بەپێی ئامارەكان 36%ی ئەوانەی توشی كۆرۆنا بوون گیانیان لەدەستداوە بەتایبەت بەساڵاچووان و ئەو كەسانەی سیستمی بەرگریان لاوازەو ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەك نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسەو شەكرە.

خۆپارێزی لە كۆرۆنا:
ڤایرۆسی كۆرۆنا بەئاسانی لەنێوان مرۆڤەكان دەگوزارێتەوە بۆیە دەبێت خۆمان بپارێزرین و دووركەوتنەوە لە شوێنی زۆر قەرەباڵغ و رەچاوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و سەردان نەكردنی ئەو شوێنانەی نەخۆشیەكی تێدا بڵاوبۆتەوە زۆر گرنگە بۆ دانانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە.

راگرتنی پاكوخاوێنی و دەست شووشتنی بەردەوام و دووركەوتنەوە لە كەلوپلەی كەسی توشبوو و گومانلێكراو.

تائێستا هیچ ڤاكسینێك و چارەسەرێكی بنەڕەتی نەخۆشی كۆرۆنا نیە كە بەشێوەی كۆتایی ڕەزامەندی لایەنە نێودەوڵەتیەكانی وەرگرتبێت.

خاك - ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved