22/2/2020 02:16 PM

تایبەتمەندییەکانی ئەو کەسانەی هەمیشە خۆیان بە قوربانی ئەزانن

ئەو کەسانەی وا رۆڵی قوربانی ئەگێڕن هەمیشە بەشێوەیەکی نیگەتیڤ بیر ئەکەنەوە و لایان وایه هۆکاری کێشەکانیان کەسانی ترن نەک خۆیان. ئەوان دڵنیان کە خۆیان هیچ رۆڵێکیان لەچارەسەریی کێشەکانیاندا نییە و هەربۆیە هەست بە زەبوونی و داماوی ئەکەن. لەوانەیە هەموو رۆژێک لەگەڵ مرۆڤێکی لەم چەشنە رووبەڕوو ببینەوە و خەمی بۆ بخۆین و بمانەوێ یارمەتی بدەین، بەڵام هەندێک جار بەبێ ئەوەی بزانین تووشی گیروگرفتمان ئەکەن. لەدرێژەدا باسی هەندێک لەتایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کەسانە ئەکەین.

هەمیشە بەداخەوەن بۆخۆیان
دنیا بێ بەزەییە و ئەوانیش زۆر لەوە لاوازترن کە بتوانن بارودۆخەکە بگۆڕن. ئەوە هەمان شتە کە کەسانی خۆ بەقوربانی زان بیری لێ ئەکەنەوە و هەوڵ ئەدەن مێشکی کەسانی دیکەش بەم ئاراستەیەدا ببەن. ئەم کەسانه بەردەوام بەداخەوەن بۆخۆیان و حەز ئەکەن دەوروبەریانیش بەزەییان پێیاندا بێت.

پێشکەوتنێی ئەوتۆیان نییە و لەیەک ئاستدا ئەمێننەوە
ئەو کەسانەی خۆیان بە قوربانی ئەزانن لەوە دڵنیان کە هیچ کارێکیان بۆ ناکرێ، هەر بۆیه هیچ هەوڵێک بۆ پێشکەوتن لە ژیاندا نادەن. ئەوان لە قۆناغێکی دیاریکراودا ئەمێننەوە و هەموو رۆژێک سەدان پاساو بۆ ئەم دۆخەیان ئەهێننەوە.

بەردەوام خۆیان لەگەڵ کەسانی دیکە هەڵئەسەنگێنن
ئەم کەسانە بڕوابەخۆییان نییە و هەر بۆیە بەردەوام بیر لەوە ئەکەنەوە کە ئایا لە خەڵکی دیکە باشترن یان خراپتر. ئەم کەسانە بەگشتی بەشێوەیەکی نیگەتیڤ خۆیان لەگەڵ خەڵک هەڵئەسەنگێنن و ئەم هەڵسەنگاندنە تووشی خەمۆکیان ئەکات.

بەخێرایی ئەیکەن بە شەڕ
ئەم کەسانه بە هیچ شێوەیەک تەحەمولی تێبینی کەسانی دیکە سەبارەت بە خۆیان ناکەن و رەخنه و سووکایەتی لای ئەوان هاوواتان. ئەم کەسانە لایان وایه دەوروبەریان ئەیانەوێ ئازاریان بدەن هەر بۆیە بەردەوام ئامادەی شەڕ و تێکهەڵچوونن.

سەرچاوە: brightside
خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved