22/2/2020 03:23 PM

بۆچی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر روو لەپیاوان ئەکات؟

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە نەخۆشخانەی "جین ئین تان"ـی شاری ئووهانی چین لەسەر 100 کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام درا دەرکەوت کە نێوەندی تەمەنی تووشبووان 55/5 ساڵە و نزیکەی 68٪ـیان پیاون. لەتوێژینەوەیەکی دیکەدا کە لەسەر 1100 کەس ئەنجام درا، دەرکەوت کە نێوەندی تەمەنی تووشبووان 47 سالە و 58٪ـیان پیاون. ئەم داتا و زانیاریانه بۆتە هۆی ئەوەی توێژەران بیر لەوە بکەنەوە کە هۆکاری بایۆلۆژیکی تایبەت لەپیاواندا ئەم رەگەزەی لەبەرامبەر ئەم ڤایرۆسەدا لاواز کردووە. بەڵام پیاوانی چینی بەنسبەت ژنەکانیان زیاتر جگەرە ئەکێشن و جگەرەکێشانیش مەترسی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرز ئەکاتەوە.
هێشتا داتایەکی جێی متمانە و هەمەلایەنە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەبەر دەست نییە، هەربۆیه زانایان بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەم بارەیەوە، روویان کردۆتە نەخۆشییەکی هاوشێوە بەناوی "سارس" کە ساڵی 2002 سەریهەڵدا و تا 2003 جیهانی ئاڵۆز کردبوو. "سارس"ـیش چەشنێک ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو کە لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی زیندوو و مردوو، لەئاژەڵەوە گوازراوە بۆ مرۆڤ. 80٪ـی پرۆژەی جینەتیکی سارس و کۆرۆنای نوێ یەکسانن و سارسیش زیاتر پیاوانی تووش ئەکرد.
پیاوانی بەساڵاچوو بەنسبەت ژنان لەو تەمەنەدا زیاتر تووشی ئازارەکانی دڵ و شەکرە و نەخۆشی لەم چەشنە ئەبن. هەر وەکو ئاگاداریشن کەسێک کە ئەم جۆرە کێشانەی هەبێ خۆڕاگری لەبەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا کەم ئەبێت. ماوەیەک لەمەوبەر "مایکڵ رایان"، بەڕێوەبەریی بەرنامەکانی فریاکەوتنی پزیشکی رێکخراوەی جیهانیی تەندروستی، جگەرەکێشان بە گریمانەیەکی بەهێز دەزانێ بۆ زیاتربوونی رادەی تووشبوونی پیاوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە 2010ـدا توێژینەوەیەک سەبارەت بە رادەی جگەرەکێشان لە چین ئەوەی دەرخست کە 62٪ـی پیاوانی چینی لە مەودایەکی زەمانی تایبەتدا جگەرەیان کێشاوە، بەڵام تەنها 3٪ـی ژنان ئەزموونی جگەرەکێشانیان هەبوو.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved