23/2/2020 03:30 PM

پاش تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چی بەسەر جەستە دێت؟

نەخۆشی کۆرۆنا بە "تا لێهاتن"ـەوە دەست پێ ئەکات. لەڕاستیدا تا کردن باوترین نیشانەیە لەناو تووشبووان بەم ڤایرۆسەدا. لەم دواییانەدا توێژینەوەیەک لەسەر نزیکەی 140 نەخۆش لەنەخۆشخانەی "ژونگ نان"ـی زانکۆی ئووهان ئەنجام دراوە کە کۆمەڵێک نیشانەی تایبەت و پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەخاته روو. گەرمای جەستەی 99٪ـی ئەم نەخۆشانه لەئاستێکی بەرزدا بوو، بەڵام  تەنها 50٪ـی ئەم نەخۆشانە تووشی کۆکەی وشک و ماندوویەتی ببوون (ئەم نیشانانەش وەکو نیشانە سەرەکییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دێنە ئەژمار). نزیکەی یەک لە سێی ئەم نەخۆشانه تووشی ئێشی ماسولکەکان و پشووسواری ببوون.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکانی وڵاتی چین، نزیکەی 80٪ـی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا، ئاستێکی لاوازیان هەیە و چارەسەر ئەبن، نزیکەی 15٪ـیان لەئاستیکی بەرزدا تووشی ئەم ڤایرۆسە ئەبن و5 ٪ـیشیان ئەکەونە دۆخێکی گرانەوە. لەدرێژەدا ئەمانەوێ بزانین لەڕۆژی یەکەمی تووشبوون بەم ڤایرۆسەوە چی بەسەر جەستە دێت. ئەم حاڵەتانەی خوارەوە لە زۆرینەی تووشبوواندا بیندراوە.
رۆژی یەکەم: کەسی تووشبوو "تا"ـی لێدێت. لەوانەیە هەست بە ماندوویەتی، ئازاری ماسولکەکان و کۆکەی وشک بکات. بەشێکی کەم لەم تووشبووان لەڕۆژانی یەکەم و دووهەمدا تووشی سکچوون و رشانەوە ئەبن.
رۆژی پێنجەم: لەوانەیە کەشی تووشبوو بە ئاسانی نەتوانێ هەناسە بدات، بەتایبەت ئەگەر کەسەکە بەتەمەن بێت یان نەخۆشیی دیکەی هەبێت.
رۆژی حەوتەم: بەپێی توێژینەوەکانی زانکۆی ئووهان، بەگشتی 7 رۆژی پێدەچێ تا رادەی نەخۆشییەکە بەو ئاستە بگات کە نەخۆشەکە رەوانەی نەخۆشخانه بکرێت.
رۆژی هەشتەم: لەم قۆناغەدا، ئەگەر رادەی تووشبوونەکە لەئاستێکی بەرزدا بێت (کە بەپێی گوتەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکان لەچین، ئەم گرووپە 15٪ـی کۆی گشتی تووشبووان پێک ئەهێنن) "کۆنیشانەی دیترێسی هەناسەدان" خۆی نیشان ئەدات واته "بەدژواری هەناسەدان". ئەم کێشەیە کاتێک روو ئەدات کە شلەمەنییەکان لە سییەکاندا کۆ بووبێتنەوە. "کۆنیشانەی دیترێسی هەناسەدان" تا رادەیەکی زۆر مەرگهێنەرە.
رۆژی دەیەم: ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە تۆکمەتر بووبێتنەوە، بە ئەگەری زۆر نەخۆشەکە ئەگوازنەوە بۆ "ICU/ بەشی ئاگادارییە تایبەتەکان". ئەم دەستەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی وا لەئاستیکی لاوازتردا تووشی کۆرۆنا بوون، زیاتر هەست بە ئازاری سک ئەکەن و ئارەزووی خواردنیان کەم ئەبێتەوە. رادەی گیان لەدەستدان لەم گرووپەدا 2٪ـە.
رۆژی حەڤدەهەم: کەسانێک کە دۆخی تەندروستیان لەو ماوەیەدا بەرەو باشی چووبێت، نەخۆشخانە جێدەهێڵن و ئەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.

 بەم حاڵەوە لەوانەیە کەسی تووشبوو لەرۆژانی یەکەمدا هیچ نیشانەیەکی نەبێت. بەگوتەی کارناسان لە هەندێک کەسدا لەوانەیە ئاسەواری نەخۆشییەکە تا 5 رۆژ یان زیاتریش خۆی نیشان نەدات. باشترین رێگا بۆ پارێزراوبوون لەبەرامبەر ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارەدا لەبەرچاوگرتنی خاڵە پزیشکی و تەندروستییەکانە، بەتایبەت خۆپاراستن لە هاتوچۆ بۆ شوێنه گشتییەکان، شۆردنی بەردەوام و دروستی دەستەکان و بەکارهێنانی مادە پاککەرەوە تایبەتەکان.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved