23/2/2020 10:01 PM

لە خوێندنی ماستەرو دكتۆرادا دڵنیایی دەدرێت

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: پرۆسەی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا، ماستەرو دكتۆرا یەكێكە لە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەی تواناسازی نیشتیمانی لە مێژووی خوێندنی باڵا  لە كوردستان، دڵنیایش دەدات هەر كەسێك لەهەر ئاستێك كەمتەرخەمی یان دەستتێوەردانی ناڕەوا لە پرۆسەكە بكات روبەڕووی سزای توندی ئیداری و یاسایی دەكەینەوە.

بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی (ژوری سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی خوێندنی باڵا) بە مەبەستی بەڕێوەچوونی دواین هەنگاوەكانی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵاو ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان، بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆبۆوە، تیایدا وردەكاری قۆناغەكانی پرۆسەی خوێندنی باڵا هەڵسەنگێنرا، كە كۆی قۆناغەكانی ئەم پرۆسەیە بریتین لە (پیشكەشكردن، ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان، ڕێكخستنی پێشبڕكێ، ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان).

لە وتەیەكدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی جەختیكردەوە بە هەماهەنگی زانكۆكان بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2019-2020) گشت رێوشوێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هەرسێ بنەمای (شەفافیەت و رەخساندنی هەلی یەكسان و دادپەروەری) لە پرۆسەی خوێندنی باڵا/دبلۆم و ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان رەنگبداتەوەو مافی هیچ پێشكەشكارێك نەفەوتێت بە شێوەیەك پرۆسەكە دووربێت لە هەموو دەستێوەردانێك و پرۆفایلی ئەكادیمی پێشكەشكاران یەكلاییكەرەوەی پێوەرەی سیستمی خاڵبەندی بێت بۆ ریزبەندكردنی پێشكەشكاران، دووپاتیشیكردەوە لەپێناو شەفافیەتی پرۆسەكە دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی، ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنرێت، بەجۆریك هەمو پیشكەشكارێك دەتوانێت پرۆفایلی خۆی لەناو پێشبڕكێدا ببینێت.

بۆ قۆناخی پێشكەشكردن دوو لیژنەی جیاواز لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی زانكۆو كۆلێژ لەگشت زانكۆكان پێكهاتووە، بە مەبەستی وردبینیكردن لە دۆسیەی پێشكەشكاران لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەكانی پەیوەندیدارو هەموو لێژنەكان توانیویانە تەواوی دۆسیەكان بە فلتەری وردبینیدا تێپەڕێنن و هەر دۆسێیەك گرفتی یاسایی هەبووبێت لەلایەن لێژنە پەیوەندیدارەكان ڕەتكراوەتەوە.

دواتر لە قۆناغی دووەمدا كە بریتییە لە‌ تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، وەزارەتی خوێندنی باڵا چەندین ڕێوشوێنی لەڕێگەی دەرچواندنی ڕێنمایی و گشتاندن و نووسراوی فەرمی بۆ زانكۆكان گرتوتەبەر بۆ مەبەستی پەیڕەوكردنی شەفافیەت لە پرۆسەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، نموونەی ئەو ڕێكارانەش بریتین لە رێگەنەدان بە هەڵەچنینی پەراوی تاقیكردنەوەكان لە دەرەوەی حەرەمی زانكۆ، هەروەها ئەو مامۆستایانەی كە كەسی نزیكیان داوایان بۆ خوێندنی باڵا پێشكەس كردبێت ئەوا ڕێگەیان پێنەدراوە كە لە پرۆسەی دانانی پرسیارو ‌هەڵەچنیندا بەشداربن، هاوكات رێگەنەدراوە بە بردنە ‌ژورەوەی هیچ ئامێرێكی ئەلكترۆنی بۆ ناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، لەهەر جێگایەكیش پێویست بووبێت زانكۆ ئامێری ژمێرەری بۆ بەشداربوان دابینكردووە.

بۆ قۆناخی سێیەمیش كە‌ بریتییە لە پرۆسەی داخیلركردنی نمرەی گشت پێوەرەكانی سیستمی خاڵبەندی و رێكخستنی پێشبڕكێ بۆ ڕیزبەندكردنی پێشكەشكاران لە چوارچێوەی پلانی پەسەندكراو، لەسەر بڕیاری وەزارەت بە مەبەستی نەبوونی هەڵەو پەیڕەوكردنی شەفافیەت لێژنەیەكی چوار ئەندامی لەسەر ئاستی هەر كۆلێژێك لە گشت زانكۆكان داتاكان و نمرەكان لە فۆرمێكی یەكگرتوودا تۆماردەكەن و ئیمزای لەسەر دەكەن و بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ دەگرن.

جێگەی ئاماژەیە لە ئێستادا ودبینی بۆ داتای پێشكەشكاران و ئەنجامەكان و سیستمی خاڵبەندی و پێشبركێ دەكرێت و پرۆسەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە، لەدوای تەواوبوونی لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامە بەراییەكان رادەگەیەنرێت و دەرگای سكاڵاو تانەگرتن بۆ پێشكەشكاران دەكرێتەوە.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved