24/2/2020 01:49 PM

ماڵدینی: بە یەک مەرج گریبەستەکەی زلاتان نوێ ئەکرێتەوە

"پاولۆ ماڵدینی" ئەفسانەی یانەی ئەی سی میلان دووپاتی ئەکاتەوە، ئەگەر یانەی ئەی سی میلان گەیشتن بە قۆناغی کۆمەڵەکانی "چامپیۆنزلیگ"ـی وەرزی داهاتوو دەستەبەر بکات، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گرێبەستی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ نوێ ئەکرێتەوە.
ماڵدینی کە لەئێستادا بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە مێژووییەکەی میلانە بە ماڵپەڕی "گۆڵی نێودەوڵەتی" ڕاگەیاندووە : "زلاتان بە گرێبەستێکی شەش مانگە واتە تا کۆتایی وەرز لەگەڵمان بەردەوام ئەبێت، بەڵام مەرجێک لە گرێبەستەکەیدا بوونی هەیە و بەهۆی ئەو مەرجەوە لەحاڵەتی گەیشتنی یانەکەمان بە خولی یانە پاڵەوانەکانی وەرزی داهاتوو، یاریزانە سویدییەکە گرێبەستەکەی بە ماوەی یەک ساڵی دیکە نوێ ئەکرێتەوە."
لێدوانەکانی ماڵدینی پاش ئەوە هات کە "ڕۆسۆنێری" لەچوارچێوەی ڕووبەڕوبونەوەکانی هەفتەی 25ـەمی خولی ئیتاڵیا بە گۆڵێک یەکسانبوونی بەرامبەر یانەی فیورنتینا تۆمارکرد.
لەم وەرزەدا میلان ئاستێکی بەرزی پێشکەش نەکردووە، بەڵکو دوای گۆڕینی دوو ڕاهێنەر لەئێستادا بە 36 خاڵەوە لەڕیزبەندی یانەکانی خولی ئیتاڵیادا لەپلەی حەوتەمدا جێگیر بووە.
ئەم یانەیە بۆ گەیشتن بە کێبڕکێکانی "چامپیۆنزلیگ"ـی وەرزی داهاتوو پێویستیان بە هەوڵ و ماندووبونی زۆر ئەبێت و ناچاریشن چاوەڕوانی کەوتنی یانەکانی ئاتالانتا و ڕۆما و ناپۆلی بن. هەڵبەت کەوتنی یانەی ئاتالانتا لەم وەرزەدا و بەو ئاستە بەرزەوە زۆر ئەستەمە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved