24/2/2020 05:46 PM

سەن مارینۆ؛ پێنجەم بچووکترین وڵاتی جیهان+وێنە

"سەن مارینۆ" وڵاتێکی بچووکی ئەوروپییە کە لە ئیتاڵیا هەوڵکەوتووە. ئەم وڵاتە کوێستانییە کە شێوەی تەلارسازییەکی هاوشێوەی سەدەکانی ناوەڕاستە، هەموو ساڵێک خانەخوێی ژومارەیەکی زۆر گەشتیاری بیانییە. 


"سەن مارینۆ/ San Marino" ناوچەیەکی بچووکی کوێستانییە کە لە باکووری ئیتاڵیا و لەتەنیشت دەریای "ئادریاتیک" و لەنێوان " ئیمیلیا رۆماگنا/ Emilia Romagna" و "مارشە/ Marche" هەڵکەوتووە. لەنێوان 196 وڵاتی سەربەخۆی جیهاندا، "سەن مارینۆ" پێنج بچووکترین وڵات و لەوانەیە سەرسوڕهێنەرترین وڵاتی ئەوروپی پاش "ڤاتیکان" و "مۆناکۆ" بێت. "سەن مارینۆ" تەنها بەجێماوی دەوڵەت-شاری ئیتاڵیا بەر لە پێکهاتنی ئیتاڵیای یەکپەرچەی ئێستایە. ئەم وڵاتە بەردینە لەساڵی 301ـی زایینی لەلایەن بەردتاشێک بەناوی "مارینۆ"ـەوە بونیاد نراوە و هەندێک کەس لایان وایه کۆنترین ناوچەی کۆماری جیهانه.


رووبەری "سەن مارینۆ" 61 کیلۆمەتر دوجایه و خاوەنی 9 شارە و گەورەترین شاری کە ناوی "دوگانا"ـیە لەسەر جادەی پاسە ئەوروپییەکاندا هەڵکەوتووە. هەموو ساڵێک نزیکەی 2 ملوێن گەشتیار روو لەم وڵاتە ئەکەن. شاری "سەن مارینۆ" پایتەختی ئەم وڵاتەیە و لە دڵی شاخەکانی "تیتانۆ/ Titano"ـدا جێگیر بووە.
دانیشتووانی "سەن مارینۆ" کاتی خۆجێیی بەپێی مێژووی پێکهاتنی وڵاتەکەیان بەراورد ئەکەن و ئێستا لە سەدەی حەڤدەهەم‌دان. بەپێچەوانەی شوێنەکانی دیکەی ئەورپا، رۆحی سەدەکانی ناوەڕاست هێشتا لە کۆڵان و شەقامەکانی "سەن مارینۆ"ـدا بوونی هەیە و زۆرینەی دانیشتووان لە کۆمەڵێک بینادا دەژین کە هاوشێوەی قەڵا کۆن و مێژووییەکانە.  خەڵکی "سەن مارینۆ" زۆر رووخۆش و راستگۆن بەڵام نەک بەڕادەی ئیتاڵییەکان. هۆشیار بن بە ئیتاڵییان نەهێننە ئەژمار چونکە زۆریان پێ ناخۆش ئەبێت؛ ئەگەرچی زمانەکەشیان ئیتاڵییە!  


گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی "سەن مارینۆ" بریتییە کە سێ دانه قەڵای مێژوویی. کۆنترین، گەورترین و بەناوبانگترینیان ناوی "گوئاتیا/ Guatia"ـیە کە مێژووی بونیادنانەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 11. ئەم قەڵایە چەندین جار نوێژەن کراوەتەوە کە دوایین قۆناغی لە سەدەی 15ـدا بووە. ئەم قەڵایە تا ساڵی 1975 زیندان بوو. لەسەدەی 13ـدا لەسەر لوتکەی شاخی "تیتانۆ" قەڵایەکی دیکەیان دروست کرد بەناوی "کێستا/ Cesta" کە ئەڕوانیتە ناوچەی "ریمینی و هەروەها دەریا و کەناری ئادریاتیک. لەناو قەڵاکەشدا مۆزەخانەیەک بەرپایە کە 1550 جۆری چەکی بەکارهاتوو لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستی لەخۆگرتووە. لەساڵی 1956 مۆزەخانەیەک بۆ بەرزڕاگرتنی "مارینۆسی پیرۆز" هەر لەم شوێنە دروست کرا. لەسەر بچووکترین لوتکە سێهەمین قەڵا واته "مۆنتالە/ Montale" جێگیر بووە کە بەڕووی خەڵکدا کراو نییە. ئەم قەڵایە لەسەدەی 14ـدا بونیدا نراوە و لە سەردەمێکی تایبەتدا زیندان بووە و تەنها درگاکەی 7 مەتر لەئاستی دەریاوە بەرزە.

 

سەرچاوە: britannicatravelonspot
خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved