25/2/2020 09:09 AM

زەمانی بزر بوو-ی فاتیح عیزەدین


ئارام سدیق


لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەردەی ڕابردوەوە لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا، شاعیرگەلێکی زۆر بە تێکست و شیعریی بەرەنگاری و پڕ لە حەماسەتەوە دەستیان بە نووسین کرد. بەڵام لەپاڵ لەم شاعیرانەدا نەوەیەکیش بە هێمنی و دوور لەو فەزایە و زۆر نائومێدانە بوونە نیشتەجێی ماڵی شیعر و تاک و تەرا دەستیان بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان کرد. دەتوانم بڵێم ئەم شاعیرانە لەگەل ئەو شەپۆلە نەبوون کە لە نێوەندی ئەدەبی کوردی ئەو سەردەمەدا ڕێی دەکرد، بەڵکو هەوڵی ئەوەی دەدا دەنگ و ڕەنگێکی دیکەی شیعریی پیشان بدات. فاتیح عیزەدین لەو شاعیرانە بوو، کە هەر لەو کاتەوە دەستی بە نووسین کرد و هەر لەو سەرەتایەوە هەستی بەو زەمانە کرد، کە لێمان بزربووە و مرۆڤ جگە لە بوونەوەرێکی وێڵی تەنیا هیچی دیکە نییە. نە شۆڕشەکان دەتوانن ڕزگاری بکەن و نە هیچ ئایدۆلۆژیایەکیش ڕزگاریی ڕاستەقینەی مرۆڤی پێیە، بەڵکو مرۆڤ مەحکومە بە جۆرێک لە عەزاب کەناوی ژیانە، یان جگە لە سیزیفێک هیچی دیکە نییە.
دەنگی شیعریی فاتیح عیزەدین لەو دەنگە نائومێد و عەبەسیانەی نێو شیعریی کوردییە، کە سیمایەکی تایبەتی بە شیعری قۆناغێک بەخشیوە، کە شەپۆلێک لە شیعریی بەرەنگاری و ئومێدبەخش هەبوو، بەڵام ئەم تەواو بەپێچەوانەوە، نەک نائومێدی دەبەخشییەوە، بەڵکو پرسیاری زۆر جەوهەری ڕووبەڕووی ژیان و بوون دەکردەوە، کە وەڵامدانەوە لە ڕیزی وەڵامە ون و مەحاڵەکاندا بێت. شیعری ئەم شاعیرە بڕوای بە ئومێدی درۆیینە و ماسکی ساختە نەبوو، بۆیە لەپاڵ دەنگی "حەمە عومەر عوسمان"دا دەتوانم بڵێم لەو دەنگە شیعریانەن، کە ڕاستەقینەن و وشەکان لە نائومێدییەکی قووڵەوە هاتوونەتە دەرێ، نەک لە نائومێدییەکی نمایشکارانە. چاوی ئەم شاعیرانە لەو زەمەنەدا کە زەمەنی کڵپە و بڵێسە بووە، ئەمانە بەدیار ڕووناکی سووتووی جگەرەیەکەوە ئارامیان گرتووە. هەر ئەمەشە تێکستی ڕاستەقینە، کە ئومێدی درۆینە نابەخشێتەوە.
ئەگەر بەوردی سەرنج لەسەرجەم شیعرەکانی فاتیح عیزەدین بدەین، ڕەنگە لەڕووی تەکنیکی شیعرییەوە نوێگەرانە نەبێت، بەڵام لەڕووی ئایدیای شیعرییەوە نوێگەرانەیە. نوێگەرانەیە بەوپێیەی هەوڵێک بووە بۆ جیاکردنەوەی خۆی لەو شەپۆلە ئەدەبەی لەو سەردەمەدا هەبووە. دەتوانم نائومێدی لە دیدی ئەم شاعیرەدا بۆ دوو قۆناغ دابەش بکەم:
یەکەم: ئەوکاتەی شاعیر هەست بەوەدەکات، مرۆڤ سیزیفێکە و بەردێکی بە کۆڵەوەیە و ناچارانە لە بناری شاخەکەوە بۆ سەر لووتکە دەیبات و لەوێشەوە خلۆر دەبێتەوە و دووبارە ئەم رۆتینە دووبارە دەبێتەوە، بۆیە ئەم نائومێدییە قووڵە دەکاتە تێکست و ئەگەر سەرنج لەهەموو تێکستەکانی بدەین هەستم بەمە دەکەین و دەتوانم بڵێم کۆی شیعرەکانی بەرئەنجامی ئەم نائومێدییە قووڵەن لەژیان و بوون.
دووەم: قۆناغی نائومێدبوونی شاعیرە لە تێکست و شیعر. لەم قۆناغەدا شاعیر ئیدی دەستبەرداری ئەوەش دەبێت کە وشە دەرەقەتی ئەوە بێت گوزارشت لە خەم و ناسۆرییەکانی مرۆڤ بکات و چیتر شیعر بەدیدی شاعیرەوە بە دەستەوسانی دەمێنێتەوە. بۆیە بڕیار لەنەنووسینی شیعر دەدات، یان بەجۆرێک لە جۆرەکان کەمنووسین، یان وەستان دەدات، کە دەتوانین جگە لە فاتیح عیزەدین ئەم خاڵە لای حەمە عومەر عوسمانیش هەست پێ بکەین.
بێگومان ئەم خاڵەی دووەم مەرج نییە بەتەواوی وازهێنان لەشیعرنووسین بگرێتەوە، بەڵکو نەبوونی بڕوایەکە بەوەی نائومێدی لە تێکستدا جێی بکرێتەوە. ئەگەر سەرنج لەهەردوو شاعیر فاتیح عیزەدین و حەمە عومەر عوسمان بدەین دەبینین، کە لەکاتی نووسینی زۆربەی دەقەکان بۆ سەرەتای نووسینیان دەگەڕێتەوە و لە قۆناغێکدا هەست بە وەستان دەکرێت، بەڵام تاک و تەرا شیعریان نووسیوە، کەواتە هەست بە جۆرێک لە بێدەنگی دەکرێت و دەشێ ئەم بێدەنگییە جۆرێک لەکاردانەوە بێت بەرامبەر خودی ژیان و بوون.
لەسەرەتای ئەمساڵدا لەهەوڵێکی کەم وێنەدا چاپخانەی کارۆ، دیوانی زەمانی بزربوو-ی فاتیح عیزەدینی وەکو ڕێزێک لەم شاعیرە چاپکردەوە و سەرجەم کۆپییەکانی بە شاعیر بەخشی و لە مەراسیمێکی شایستەشدا ڕێز لە وشە و نائومێدییەکانی نرا، کە جێگەی دەستخۆشییە ڕێز لە شاعیرێکی پەراوێزخراو بگیرێت.     




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved