28/2/2020 09:28 PM

ژووری عەمەلیات بۆ كۆرۆنا پێكدەهێنرێت

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: لەپێناو پاراستنی سەلامەتی ژیانی هاووڵاتیان، ئەنجومەنی وەزارەت هەڵمەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگەیەنێت و تیمە زانستیەكانی زانكۆكانیش هاوكار دەبن بۆ هۆشیاری تەندروستی، راوێژی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوە.

ئەم بڕیارەی د.ئارام محەمەد قادر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانی سەرپەرشتیكردنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت هات كە بەئامادەبوونی سەرجەم سەرۆك زانكۆكانی كوردستان و راگری كۆلێژەكانی پزیشكی لە زانكۆكان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا د.ئارام محەمەد قادر لە وتەیەكدا ئامانجی سەرەكی كۆبونەوەكەی خستەڕوو كە بریتیە لەداڕشتنی میكانزمی پێویست بۆ چۆنیەتی روبەڕوبونەوی ڤایرۆسی كۆرۆناو چۆنیەتی بەشداری دامودەزگاو دامەزراوە زانستیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی وەزارەتی تەندروستی لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وتیشی: ناوەندە زانستی و پزیشكییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و زانكۆكان، بەشداری كاراو گرنگ لەم هەڵمەتە دەبینین بەتایبەتی بۆ راگەیاندنی هەڵمەتی خۆپاراستن بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەنجومەنی وەزارەت بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر دوو ئاست چەند بڕیارێكی دەركرد:

1.پێكهێنانی ژوری عەمەلیاتی سەرەكی لەسەر ئاستی وەزارەت، بەسەرۆكایەتی وەزیری خوێندنی باڵاو راوێژكاری وەزیرو سەرۆكی بۆردی كوردستانی و سەرۆكی زانكۆی هەولێری پزیشكی و راگری كۆلێجە پزیشكییەكانی زانكۆكان.

2.دامودەزگاكانی خوێندنی باڵا لەهەموو شارەكان لیژنەی هاوبەش پێكدەهێنن لەكۆلێجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی و زانستە تەندروستییەكان و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەكان.

3.هەموو توانا مرۆییەكانی زانكۆكانمان لەپزیشكان و پسپۆڕان و ئەكادیمییەكانمان پشتیوانی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاكانی تەندروستی دەبن.

4.ئەو تیمانەی لەئاستی شارەكان پێكدێن هاوكار دەبن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و رێگرتن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكەو پلانی چارەسەرو ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و راوێژو راپۆرتی بەردەوام بۆ پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستی.

5.هەموو ژێرخانی زانستی كۆلیجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی و سێنتەرەكانی توێژینەوە لە خزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن، بەتایبەت ئەو ئامێرو تەكنەلۆجیایانەی كە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە سودیان لێوەردەگیرێت.

6.كۆمەڵانی خەڵك دڵنیا دەكەین كە خوێندنی باڵا پشتیوانی تەواو دەبێت پێكەوە دەتوانین لەمكارەدا سەركەوتو بین.

هەر لە كۆبونەوەكەدا لەلایەن هەریەك لە سەرۆك زانكۆو ئامادەبوان و راگری كۆلێژەكانی پزیشكی لە زانكۆكانی كوردستان لەڕێگەی پریزینتەیشن و خستنەڕوی رێـنمایی چەند پێشنیازێك بۆ ناوەندەكانی خوێندن خرایەڕو و بڕیاردرا بخرێنە بەرنامەی كاری تیمەكانی وەزارەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا باس لە دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كرا بۆ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو چەند بڕیارێك دەربارەی پلان و هەنگاو و ڕێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژەدان بەپشوی ناوەندەكانی خوێندن كە لە زانكۆو پەیمانگە (حكومی و تایبەتەكان) بەمشێوەیە دەبێت:

• لەسەرجەم زانكۆو پەیمانگەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی (حكومی و تایبەتەكان) لەڕێكەوتی (29-2-2020) پشوو دەبێت تاكو رێكەوتی (1-4-2020) خوێندن دەستپێدەكاتەوە.

•پشوەكە تایبەتە بە ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن و تەنها خوێندكاران/ قوتابیان دەگرێتەوە، واتە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دامودەزگاكانی وەزارەت و زانكۆكان ناگرێتەوە.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا 

 

 






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved