1/3/2020 05:03 PM

کاریگەری کۆرۆنا ڤایرۆس لەسەر چینی کار

بەپێی ئامارەکان تا ئێستا لە کۆریای باشوور 2931 حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە. زۆرینەی ئەم کەسانە لە شاری دیگوی ئە، وڵاتە تۆمار کراون کە چوارەم شاری گەورەی ئەم وڵاتەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 2.5 میلیۆن کەسە و جێی ئاماژەیە کە تەنیا 33 کەس لەو 2931 کەسە سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە.
لە ئێستادا نەخۆشخانەکانی شاری دیگــو زەختێکی زۆریان لەسەره و ڕۆژانە تەنیا 150 نەخۆشی نوێ وەردەگرن و هەندێکیان ڕەوانەی بەشی دابڕان (قەرەنتینە) ئەکەن و تا ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس دابڕێنراون.
کاریگەری ئەم نەخۆشییە لەسەر ئابووری ئەم وڵاتە بەرچاو بووە و بەپێی ڕاگەیندراوی بانکی ناوەندی کۆریا، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا گەشەی ئابووری کۆریا نزیکەی 2.3% دائەبەزێت. جێی ئاماژەیە کە دەوڵەتی سیئول بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە تا ئێستا نزیکەی 3.3 ملیار دۆلاری خەرج کردووە و بە تەمایە 13 ملیاری تریش تەرخان بکات.
بەپێی فەرمانی حکومەت و بە شێوەیەکی کاتی بازرگانی و کارگە گەورەکان داخراون. بۆ نموونە ڕۆژی هەینی ڕابردوو کۆمپانــیای هـیوندای، دووهەم کارگــەی خۆی داخست. هەروەها کۆمپانیاکانی کەرتی گەشت و گوزاریش ناچار کراون کارمەندەکانیان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە. هەڵبەت سەتا 30 مووچەکەیان کەم کراوەتەوە. کۆمپانیا چکۆلەکان فشارێکی زۆرتریان لەسەرە و ئەگوترێ هیچ داهاتێکیان بۆ نەماوەتەوە و کارمەندەکانیان مەترسی لەدەستدانی کارەکەیان هەیە و ئەوانەی وا خۆشیان خاوەن کارن بەرەو ئیفلاس ئەڕۆن.
کەوابوو جێی خۆیەتی ئەگەر بڵێن چینی کار و بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە داهاتی ڕۆژانەیان لە بازارەکان و لە کەسابەت دەست ئەکەوێ، زیاتر لە خەڵکی‌تر لەبەردەم دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئەم ڤایرۆسەدان کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەریکە زیاتر پەرە ئەستێنێت.

 

خاک_پشکۆ کامەران

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved