خەلیل عەبدولڵا
كاوێس ئاغا هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانەو لەرێی چڕینی گۆرانیو مەقامو لاوكەوە خزمەتێكی زۆری بە هونەری كوردی كردووەو شوێن پەنجەی بەو بوارەوە دیارە.كاوێس ئەحمەد جەمیل كانەبی هەركی ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیەو بەكاوێس ئاغا ناسراوە.ساڵی 1889 لەكوێستانی چارچەلیی دهڤهری ههركی لەدایك بووە. بەشێكی ژیانی گەنجی بە شوانی بردۆتە سەرو گەرمیانو كوێستانی كردوەو دیمەنهكانی سروشتی كوردستان سەرنجی راكێشاوەو وای لێكردووە بەزمانی هونەر تەعبیر لەو جوانیانە بكات. ساڵی 1915 چۆتە رەواندزو لەوێ نیشتەجێ بووە، ساڵی دواتر چۆتە شارۆچکەی شەقڵاوەو لەوێ گیرساوەتەوە. كاوێس ئاغا هەر لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای هونەری گۆرانیو مەقامو لاوك بووەو ساڵی 1930 لەشاری موسڵ لەرێی كۆمپانیای بیزانفۆنەوە بەشێك لەبەرهەكانی تۆمار كردووە. بەوەش دەنگەبەسۆزەكەی لەسەرانسەری كوردستاندا دەنگی داوەتەوەو بەشێوەیەكی بەرفراوان ناسراوە. كاوێس ئاغا خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەری گۆرانیو لاوكو مەقامەو بەشێكی چیرۆكە فۆلكلۆرییەكانی كردوە بەلاوكو گەنج خەلیل بەیەكەم لاوكی دادەنرێو لاوكی بۆ كەسایەتیە مێژووییەكانی وەك شێخ مەحمودی نەمرو سمایل ئاغای شكاك وتوە.كاوێس ئاغا شاعیریش بووەو چەندین شیعری جوانی هۆنیوەتەوە. ئەم هونەرمەندە گەورەیە لەرێی بەرهەمە هونەرییەكانیەوە خزمەتێكی زۆری پێشكەش بەكاروانی هونەریو ئەدەبی كوردی كردووە. كاوێس ئاغا لەناوەڕاستی شوباتی 1936 كۆچی دوایی كردوەو لەگۆرستانی هەرشەمیی ناوچەی پیرمام بەخاك سپێردرا. بەڵام دەنگو بەرهەمەكانی بەنەمری دەیهێڵنەوە. درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی هونەرمەندی مەزنو خۆشەویست كاوێس ئاغای هێژا.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure