2/3/2020 10:31 AM

تاعوونی كامۆ و كۆرۆنای سەردەم

ئەشواق ئیحسان رەمەزان
كاتی خۆی لەگەڵ ھاوڕێكانم چالاكیەكمان هەبوو، هونەری و ئەدەبی بوو كە بریتی بوو لە سەیركردنی فیلمێك كە لە ئەسڵدا ڕۆمان بوون و كرابوون بەفیلم. یانێ كتێبەكە پێش وەخت دیاری دەكرا و هەمووان دەمانخوێندەوە ئینجا ڕۆژی دیاریكراو دوای سەیركردنی فیلمە بیانیەكە گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆكی كتێبەكە هەم لایەنی هونەری فیلمەكان دەكرا ... جارێكیان ڕۆمانی (تاعوون)ی ئەلبێر كامۆ دەستنیشانكرابوو كە بە ئامادەبوونی وەرگێڕەكەی بەڕێز ڕەسوڵ سوڵتانی.
لەسەر هەموو تەوەرەكان قسەی زۆر كرا كە زیاتر باسی نەهامەتی و ئەو هەموو تۆقان و مەرگ و سەختیەیان دەكرد كە نووسەر بە عادەتی خۆی ڕەشبینانە وێنای كردبوون لە نووسینەكەیدا... بەڵام بەندە بە دیوێكی تر ئەم ڕۆمانەم خوێندبوویەوە لەبەر كاریگەری یادەوەری منداڵیم كە هەرچەندە هەمیشە بەترس و ناخۆشیەوە ناوی تاعونم بەر گوێ كەوتبوو، كەچی من شتی ترم لێی هەڵێنجا زۆر جیاواز بوون و وەهام پێناسە كرد: پێموابوو وەختێ نووسەر باسی دیوە ناشیرین و ناخۆش و خراپەكان دەكات لە نووسینەكانی مەرج نییە مەبەستی ڕەواجدان بێ بە عەبەسیەت و ڕەشبینی، بەڵكو بە زمانی حاڵ پێمان دەڵێ كە تۆ حاڵت هاوشێوەی ئەوانە نییە ببینە چەندە خۆشبەختی و ژیان و حاڵت چەند جوانە.
ئینجا تاعونێك كە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵكی زیاتر پەرۆشبن بۆ حاڵی یەكتر و بۆیان ڕوون بێتەوە كە ژیانیان هەرچۆنێك كە هەبووە و لێی ناڕازی بوون لەوە خراپتریش هەیە بۆچی خراپە؟ تاعونێك وابكات لە ناكۆكی و دووبەرەكی و ملشكاندنی یەك ڕزگارمان بكات بابێت بەڵكو بەم هۆیەوە یەكدیمان خۆشبوێ و بەخۆماندا بچینەوە و ئەگەر خودا لەم دەردە ڕزگاری كردین بەڵێنی بە خۆمان بدەین تاكێكی باش و سوودمەند و بێ زیانبین بۆ یەك ... ئەمانە و زۆر قسەیتر بۆ ئێستا و باسی (كۆڕۆنایش)هەر ئاوایە ...
گرنگە مرۆ لەهەر بارودۆخ و حاڵێك كە هەیە دیوە ئەرێنیەكان ببینێ ئەمە بۆ ورە و توانای بەرگە گرتن هەم بۆ هاوكاری كردنی حاڵەتی دەروونی ئەوانیدیش زۆر پێویستە لەكاتێكدا شتەكە گشتیە و كەس ناتوانێ پێشی لێ بگرێ ...
تێبینی : ئەمە كۆمێنتم بوو لەسەر پۆستێكی بەڕێز Hiwa Tawgozy كە بە دیوێكی جیاواز لە باسی كۆڕۆنا دواوە و سەرنجی ڕاكێشام و ئەو یادگاریەی بیرخستمەوە ویستم لێرەدا بڵاوی بكەمەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved