2/3/2020 10:43 AM

سێ یاریزانی یانەی یۆڤانتۆش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

بەهۆی توشبوونی چەند یاریزانێکی لاوی یانەی یوڤانتۆس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئیدارەی ئەم  یانەیە سەرجەم چالاکییەکانی لەسەر ئاستی لاوان ڕاگرت و لەم بارەیەشەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئیدارەی یانەی یوڤانتۆس بڕیاری داوە سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکان لەسەر ئاستی تیپی لاوانی خوار 23 ساڵ ڕابگرن تا ئەوکاتەی کە پشکنین بۆ یاریزانان ئەکرێت و ئەگەنە ئەنجامی کۆتایی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکان بەهۆی پاراستنی گیانی لاوانی یانەکە بووە، پاش ئەوەی گومانی توشبوون لەچەند یاریزانێک کراوە.
لەم بارەیەوە "روسیا تودەی" ئاشکرای کردووە دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە سێ یاریزانی تیپی لاوانی خوار تەمەن 23 ساڵانی یۆڤانتۆس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
حاڵەتە لەنەکاوەکە ئیدارەی یانەکەی ناچار کردووە بەخێرایی بڕیار لەسەر جیاکردنەوەی ئەم سێ یاریزانە لەیاریزانەکانی دیکە بدات. هەروەها ئەوانەی پشکنینەکانیان نیگەتیڤ دەرچووە، ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە بۆ ماوەی 14 ڕۆژ.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەو سێ یاریزانە لاوەی یوڤانتۆس خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە و ئەوانی دیکەش بەهەمان شێوە لە خێزانەکانیان دوور خراونەتوە بۆ دڵنیابوونەوە لەسەلامەتییان.
ماوەی مانگێکە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وڵاتی ئیتاڵیادا بڵاوبووەتەوە بەتایبەت لەهەرێمەکانی "لۆمپاردیا ڤینیتۆ" و زیاتر لەهەزار حاڵەتی توشبوون و 29 حاڵەتی مردن تۆمارکراون.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved