2/3/2020 10:15 PM

بچووكترین كتێبی رۆژنامەنووسێكی شارەزا


ستران عەبدوڵڵا ناوێكی ئاشنا لە دنیای رۆژنامەگەری دوای راپەڕین، ئەم رۆژنامەنووسە مەعلانە لە ساڵانی كاركردنیدا كە وەكو گەنجێكی بێ پشت و پەنا هاتە گۆڕەپانی رۆژنامەگەرییەوە و ئاقیبەت بە سەركردایەتی گەیشتوو، ئەمڕۆ یەكێكە لەسەركردەكانی حیزبەكەی. بەزیرەكی خۆی توانی تا ئەم ئاستەی ئێستای بڕوات، واتە سەركردەیەكی رۆژنامەنووس، سەرنووسەری رۆژنامەیەكی رۆژانە. كوردستانی نوێ. ئەو رۆژنامەیەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە بەردەوامە.
نووسەر و رۆژنامەنووس ستران عەبدوڵڵا كە خاوەنی كۆمەڵێك كتێبە كە لەوانەیە بۆ خۆشی بەژمارە نەزانێت چەند كتێبی نووسیوە. چون ئەو بەردەوام دەنووسێ، بێ راوەستان كۆڵ نادات، دڵسۆزی كارەكەیەتی، وەكو سەرنووسەری رۆژنامەیەك بەردەوام چالاكانە رۆژانە بابەت و وتار لەبارەی كێشە و ئاریشەكانی رۆژەوە دەنووسێ، جارجارێكیش دەست بۆ كایەكانی دیكەی رۆشنبیریی دەبات، ئەوەش خولیا و حەزی نووسەرە لە ئاستی بەرهەمی جوان و ئاست بەرزدا دەیەوێت قسەی خۆی هەبێ. ناوبەناویش دەست بۆ مەلەفی تایبەت بەدۆسێی كوردبوون دەبات، لەوانە كتێبە نایابەكەی بەناونیشانی لە رۆما كەوتە بەرچاوم. بەم دواییانەش پێش ئەوەی بچێتە ریزبەندی سەركردایەتییەوە بەشێك لە بەرهەمەكانی لە دووتوێی كتێبێكی سێ بەرگیدا بەناونیشانی لە غەزەتەوە بۆ غەزای سۆسیال میدیا، چاپكرد.
ئەمڕۆش نوێترین كتێبی ئەم رۆژنامەنووسە چالاكە لە دووتوێی 52 لاپەڕە بەقەبارەیەكی بچووك چاپ بوو، كە بچووكترین كتێبی نووسەرە، بە ناونیشانی چەتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان. كە ئەم كتێبەش باسوخواسی كوردایەتی و دۆسێی ئەم نەتەوە بەدبەخت و كۆڵەوارەیە، شەرحی حاڵی نەتەوەیەكی بەشخوراو كە كۆڵ نادات و هێشتا خەبات درێژەی هەیە و چەتری رزگاری خوازی ئاوەڵایە. گەرچی ئەم كتێبە بە قەبارە بچووكە، لێ بەناوەڕۆك زۆر گەورەیە هەڵگری كێشەیەكی گەورەیە كە كێشەی كوردە لەناوچەكەدا، باسوخواسی نووسەر لەم كتێبەدا چیرۆكی تێكۆشان و هەوڵی بێوچانی نەتەوەی كوردە لە باشوور. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved