3/3/2020 09:21 AM

بارکۆد بڵاوده‌کرێتەوە

بڵاوکراوەکانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ کۆمەڵە شیعری (بارکۆد) ی شاعیر ئەرسەلان چەڵەبی چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه کە پێک هاتووە لە کۆمەڵێک شیعری کورت.
لەمانگی بەفرانباری ٢٠١٩ کتێبی بارکۆد "بە فارسی" بڵاوکرایەوە و ئەمەش وەشانە کوردییەکەێتی و هەروەها وەشانی بارکۆد بە زمانی دانیمارکی کاری وەرگێڕانی نزیکی تەواو بوونە و ئەویش لە کۆتایی ئەمساڵدا لە وەشانخانەیەکی دانیمارک بڵاودەبێتەوە.
له‌باره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه‌ ئەرسەلان چەڵەبی ده‌ڵێت:
''بارکۆدەکان بە گشتی یەک کتێبن بە کۆمەڵیک جیاوازی ورد لە ڕووی شیعرەکانەوە. شیعری نێو هەر سێ بارکۆدەکان بەرهەمی دە ساڵی پێشووە کە کتێبم لێ چاپ نەبووە، ئەو شیعرانەش قۆناغگەلێکی زۆریان تێپەڕکردووە هەتا لەو قەوارەیەی دا خۆی نواندووە، هەموو ئەو کارانەی لە سێ ساڵی ڕابردوودا کە لە گۆڤار و بلاڤۆکەکانی ئورووپا چاپ و بڵاو بوونەوە لە هەر سێ بارکۆدەکاندا هەیە، ئەوەی کە لە ناو ئەو کتێبانەشدا هەڵبژێردراوە پەیوەندی بەوەوە نییە کە لەو کارانەی لە کتێبەکەدا چاپ نەبوون جوانتر یان خەرابتر یان هەرچی بێت، بەڵکوو کۆمەڵیک کۆدی ترم بۆ هەڵبژاردنی کارەکان لەبەرچاو گرتووە، شتێک کە گرینگە لێرەدا لە سەر کتێبەکە بزانرێت ئەوەیە کە هەندێک لە شیعرەکان پێشتر لە ماڵە مەجازییەکانی خۆمەوە بڵاوم کردبوونەوە، بەڵام ئەوەی ناو کتێبەکە شتێکی ترن و ئاڵوگۆڕی زۆریان بە سەر دا هاتووە بە تایبەتی لە ڕووی زمانەوانییەوە تەواو جیاوازن''
چەند دێڕە شیعرێک لە کتێبەکەوە:
چ گەنمەجاڕێکی مەترسیدارە ترپەی دڵت
کەروێشکە دەکا و پڕ بە گەرووی دەمارەكانت دەقیژێنێ
بۆن بە زاری هاوینەوە دەکات و ددان بە ئێسقانی سەرمادا دێنێ
چ دیمەنێکی شینی بوو هیواکانت
پەلاماری پەپوولەی دەدا و قالۆنچەکانی دەپاراست
کۆترەکانی هەڵدەکۆڵی
مشکەکانی لە ئامێزی¬دا دەلاواندەوە
چ ئامانجێکی زەرد بوو لە زەینت¬دا دەدرەوشاوە
گرێبەستێک بوو لە نێوان دوو تفەنگی ماندوودا
خوێنی دوو تەرمیان دەخواردەوە
چاوەکان بە تاڵان دەبردین!

شاعیر  (ئەرسەلان چەڵەبی) لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و کۆتاییشی هەر لەوێ خوێندووە. لە ساڵی ٢٠١٥ وەکوو پەنابەری سیاسی لە وڵاتی دانیماڕک دەژیت و خوێندنی هەتا دیپلمۆمی زمانی دانیمارکی تەواو کردووە و ئێستا سەرقاڵی خوێندنی کۆرسی "VUC" پێش زانکۆیە لە کۆپنهاگن. ئەندامی ناوەندی قەڵەمی دانیمارکە و شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی تر وەرگێڕدراون و چاپ بوون.
خاوەنی دوو بەرهەمی شیعرییە "ترین تەنیا، سەمای سەرسامی" لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٠ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراونەتەوە. دوو کۆمەڵە شیعری ئەرسەلان چەڵەبی بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی وەرگێڕانیان ئامادەیە و لە داهاتوو دا چاپ و بڵاودەبنەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved