3/3/2020 11:52 AM

ئەلجەم: ئاسەوارێکی مێژوویی سەرسوڕهێنەر

"ئەلجەم/ El Djem" یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین ئاسەوارەکانی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی رۆمە لەکیشوەری ئەفریقا. گەورەترین شوێنی گەشتیاری و مێژوویی وڵاتی تۆنس، "ئەمفی تیاتری ئەلجەم"ـە کە بە کۆمەڵێک بەردی زێڕین رازاوەتەوە و کاتی خۆی شوێنی تێکهەڵچوونی خوێناوی گلادیاتۆرەکان بووە. تەنانەت ئەو گەشتیارانەی کە حەزیان لە پشوودانێکی ئاساییە نابێ خۆیان لەبینینی ئەم شوێنە مێژووییە بێ بەش بکەن.
"ئەلجەم" لەسەدەی سێی بەر لەزایین و کاتێک کە شەڕگەیەکی کارتاژی لەم ناوچەیە جێگیر بوو، بونیاد نراوە. بەڵام کاتێک ناوبانگی بەدەست هێنا کە پاشای رۆم لەساڵی 46ـی بەر لەزاییندا شاری "تیسدرۆس/ Thysdrus "ـی لەم ناوچەیە بونیاد نا. "تیسدرۆس" لەناوچەیەک هەڵکەوتووە کە پڕە لەداری زەیتوون و بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا زەیتی زەیتوون زۆری لاینگر هەبووە، ئەم شارە بەخێرایی بوو بە یەکێک لەناوەندەکانی پەروەردەکردنی زەیتوون.
بونیادنانی "ئەمفی تاتری ئەلجەم" لەکۆتاییەکانی سەدەی دووەمەوە دەستی پێکرد و دیزاینی ئەم بینا بەشکۆیە هێمایەک بوو لە دەوڵەمەندی "تیسدرۆس". بەڵام ئەم ئارامییە زۆری نەخایاند و لەساڵی 238ـی زاییینیدا بەهۆی زیادکردنی باجەوە شۆڕشێک سەری هەڵدا و بەهۆی ئەم نائارامیانەوە ئەم شارە هەرگیز نەیتوانی شکۆی رابردووی خۆی دەستەبەر بکاتەوە.
پاشان "ئەمفی تیاتری ئەلجەم" بوو بە قەڵایەکی سەربازی و لەساڵی 699ـدا بوو بە حەشارگەی رێبەری بەربەرەکان، ئەو کاتەی وا لەگەڵ هێرشبەرە عەرەبەکان تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون ببوو. پاش ئەم شەڕە ئەم شارەیان چۆڵ کرد و هەتا سەردەمی ئیستعماری فەڕەنسا هەروا چۆڵ بوو.

 

سەرچاوە: planetware

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved