هاوکات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەناو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوێمان لە دەستەواژەی کەرەنتینە ئەبێ. لەدرێژەدا سەرنج ئەخەینە سەر مێژووی سەرهەڵدانی ئەم دەستەواژەیە. کەرەنتینە یان ژووری تەندروستی جیاكردنەوەی ژورێك یان باڵەخانەیەكە بەمەبستی هێشتنەوە و چارەسەركردنی ئەو كەسانەی هەڵگری ڤایرۆسێكن یان گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكەیان لێدەكرێ، بۆ ئەوەی ئاستی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە سنوردار بكرێ. ئەم بیرۆكەیە لەسەدەی چواردە و لەشاری "بوندوقیە/ ڤێنیز"ـوە سەریهەڵدا، ئەوكاتەی دەسەڵاتدارانی شارەكە زانیییان ئەو كەشتیانەی لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە دێن هۆكارێكن بۆ گواستنەوەی هەندێك پەتا بۆ ناوچەكەیان و بڕیاریاندا ڕێگەنەدەن ڕاستەوخۆ سەرنشینەكانیان بڵاوەپێبكەن و لەسەرەتادا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لەنێو كەشتییەكاندا ئەوەستێنران. دواتر ماوەكە درێژكرا بۆ 40 ڕۆژ، ئینجا هەر لە بوندوقیە و لە ساڵی 1423 زاینی، یەكەم ژووری تەندروستی كرایەوە، ئەویش لە دورگەیەكی نزیك شارەكە و زۆر بە خێرایی وڵاتانی دیکەش ئەم بیرۆكەكەیان وەرگرت و بەکاریان هێنا. ماوەی مانەوەی كەسەكە لە کەرەنتینە پەیوەندی هەیە بە جۆری پەتاكە و ئاستی خێرایی چارەسەركردن لە وڵاتەكەدا. ئامانج لە بوونی کەرەنتینە پاراستنی تاك و كۆمەڵگەیە لەبڵاوبونەوەی پەتا و نەخۆشیە گوازراوەكان. هەر بۆیە لەزۆرینەی وڵاتانی جیهانی پێشكەوتوو لەکاتی قەیراندا کەرەنتینە بەکاردێنن بۆ ئەوەی زیانێکی کەمتر روو لە تاک و کۆمەڵگاکەیان بکات
سەرچاوە: pbs
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure