7/3/2020 11:13 AM

گێڕەرەوە لە نێوان جادووگەر و دەروونشیکار دا

شاڵاو خالید

(یاداشتێک لەبارەی ڕۆمانی "ڕۆژێک لەو ساڵانە ھەڵدەگرم" ی ئارام محەمەد(
گێڕانەوە زۆر جار ھەڵکۆڵینە لە نەست دا، گێڕەرەوە زۆربەی کات خۆی دەنووسێتەوە، دەکرێت بڵێین گێڕانەوە جۆرێکە لە دەروونشیکاری خود، نوسەر لە ڕێگەی گێڕانەوەوە نەستی خۆی یان کۆنەستی کۆمەڵگاکەی دەھێنێتە گۆ. ئەم ڕۆمانە چیرۆکێکی تراژیدی دەگێڕێتەوە کە ڕەنگە زۆر نزیک بێت لە واقیعەوە، چیرۆکی "سەفین" دەگێڕێتەوە، "سەفین"ێک کە ڕۆژگار و جەوری دەوڵەت و شۆڕش کردوویانە بە مرۆڤێکی بیدەنگ، دەیەوێت وەک دەروونشیکارێک سەفین بھێنێتە قسە(نا ئامۆژگاریت ناکەم، تۆزی چەندان ساڵە لەناخت ھەڵدەستێنم... لا ١١)، تاوەکو وەک جادووگەرێک چیرۆکێکی تری بۆ دروست بکات(گوتی: تۆ جادووگەریت؟ گوتم: چەند بارەی دەکەمەوە، چیرۆکنووسم. لا ١٣)
چیرۆکنووس بەڕابردووی کەسێک دا دەڕواتە خوار کە ھیچی نییە لە دەستیبدات (ھەرچی دەقەومێت، با بقەومێت، من شتێکم نەماوە لە دەستیبدەم. لا ١١) لە ڕاستیشدا ئەو کەسەی دەچێتە لای دەرونشیکار و گرێ دەروونییەکانی خۆی دەکاتەوە ھیچی نەماوە لە دەستیبدات، بۆیە کارەکتەر و نەخۆش زۆر لەیەکدەچن، گێڕەرەوە و دەرونشیکاریش بەھەمانشێوە، زۆرجار نوسەر خۆی ھەم نەخۆشەو ھەمیش دەرونشیکار. گێڕانەوەش ڕەنگە جۆرێک لە بەزەینداھێنانەوەی ئازاد(free association) بێت.
ھەڵبەتە بە درێژایی ڕۆمانەکە زۆر بە وردی بە قووڵایی ناخی کارەکتەرەکان دا دەڕوات، ئەو دۆخە دەروونیانە بەرجەستەدەکات کە مرۆڤێکی کورد لە سەردەمێک دا ھەیبووە، مرۆڤێک کە لەلایەک خەمی شۆڕشیەتی و لەلایەک جەوری قەدەر و بوونی مناڵێکی کەمئەندام (کە کچێکە ھەردو دەست و قاچی نیە و قسەش ناکا تەنھا پێدەکەنێ و دەگری، کە ڕەنگە گریگۆر سامسا یان تەنێکی نامۆمان بیربخاتەوە!)، چ ھەستێکە ئینسان بکەوێتە دۆخێکی ئاواوە، ئیشی ئەدەبە کە ئەو ھەستانە بگوازێتەوە، پێمان بڵێت چۆن (مرۆڤ کە لەدایک دەبێت، ژیان ڕسوای دەکات.لا٨). ئەم ڕۆمانە زۆر ئیشی وردی لەو لایەنە کردووە.
ناوێک کە چەند جارێک لە ڕۆمانەکەدا دووبارەدەبێتەوە "مۆزەخانەی شۆڕش" ە، وەک بڵێی خەونی کارەکتەری یەکەم و دووەمی ڕۆمانەکە ئەو مۆزەخانەیەیە، ھەردووکیان (سەفین و باوکی) زۆر مکوڕن لەسەر ئەوەی یادەوەریەکان و بەڵگەنامەکان و چاپخانەکە بپارێزرێت و ڕۆژێک ببێتە بەشێک لە مۆزەخانەی شۆڕش، مۆزەخانەیەک کە ھەرگیز دروستنابێت و یادەوەری و بەڵگەنامەکانیش دەفەوتێن و ئاودیودەکرێن! مۆزەخانە شوێنێکە کە شوێنەوارە پەرتبووەکانی لێکۆبووەتەوە، یان بڵێین ئازار و شادیەکانی گەلێک یان شارستانیەتێک لە مۆزەخانەدا کۆبووەتەوە. داریوشی شایگان دەڵێت؛ مۆزەخانە ھەتیوخانەی ھونەرە. دەکرێت بڵێین ھەتیوخانەی ئازاریشە. ئەگەر شۆڕش مۆزەخانەی نەبوو ئەوا نەوەکان و پاڵەوانەکانی وەک سەفین بێ نەوا دەبن و یان دەبنە چیرۆکی تراژیدی دیکۆمێنتاری خەڵکانی بیانی (لێرەدا ستیڤ ھان کە فۆتۆگرافەر و سینەماکارێکە دەیەوێت دیکۆمێنتاریەک لەسەر سەفین بکات بەڵام سەرکردەکانی شۆڕش ناھێڵن تەواویبکات) و یان دەبنە چیرۆکێکی خەیاڵی چیرۆکنوسێک، چونکە تەنھا خەیاڵ دەتوانێ ژیانی ھەتیوەکان و بێلانەکانی پاشماوەی شۆڕش بگۆڕێت، خەیاڵ دەتوانێت وابکات ڕۆژێکی خۆش بدۆزنەوە و بۆ ھەموو ژیانیان ھەڵیبگرن(ئەگەر ڕۆژێکی خۆش ھەبێت لە ژیانم ھەڵیدەگرم و لەناوی دەژیم .. لا ١٥٢)، ئەگەریش نەبوو جادووی خەیاڵ دروستی دەکات. بەداخەوە شۆڕش ھێندەی قەسابخانەیە و فەلاقەخانە .. ھتد ھەیە ھیچ کات خەمی "مۆزەخانەی شۆڕش" ی نیە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved