7/3/2020 12:34 PM

"جەک ما" یەک ملیۆن دەمامکی پێشکەش بە ئێران کرد

"جەک ما"ـی دامەزرێنەری گرووپی بازەرگانیی ئەلەکترۆنی "عەلی بابا" یەک ملیۆن دەماکی پێشکەش بە ئێران کرد. ئەم بازەرگانه چەند رۆژ لەمەوبەر یەک ملیۆن دەمامکی دیکەی لەگەڵ هەندێک کەلوپەلی پزیشکی رەوانەی ژاپۆن کردووە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهاندا، رادەی پێویستی بە دەمامک بەرز بۆتەوە. ئەم دۆخە بۆتە هۆی کەمبوون و گرانبوونی ئەم کاڵایە لەزۆرینەی وڵاتاندا و هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری داوە کە کڕینی لەڕادەبەدری دەمامک لەلایەن خەڵکەوە، مەترسی ئەخاته سەر کارمەندانی نەخۆشخانەکان کە لەبەرەی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنادان.
ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کێشەی کەمبوونی دەمامکی هەیە. "جەک ما"ـی دامەزرێنەری "عەلی بابا" کە یەکێک لە دەوڵەمەندانی وڵاتی چینە، بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە یەک ملیۆن دەمامکی پێشکەش بە ئێران کردووە. ئەو لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "ویبۆی"ـدا وێنەی چەندین مناڵی نەخۆشی پۆست کردووە و پێداگری لەسەر یارمەتیدانی یەکتری ئەکات لەم دۆخە قەراناوییەدا. "جەک ما" لە پۆستەکەیدا گوتوویەتی: "سەرەڕای ئەوەی مەودایەکی زۆرمان لەگەڵ یەک هەیە بەڵام هێشتاش هەر دراوسێین و یارمەتی گەیاندنی بە یەکتری هیچ مەودا و سنوورێک ناناسێت."
چۆنیەتی دابەشکردنی ئەم دەمامکانه هێشتا روون نییە، بەڵام ئەو کەلوپەلانەی پێشتر رەوانەی ژاپۆن کرابوون لەناو نەخۆشخانه و بنکە پزیشکییەکاندا دابەش بوون.  

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved