پزیشكانی نیشته‌جێی دێرینی نه‌شته‌رگه‌ری سلێمانی روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی هه‌واڵی میدیایه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و داوا له هه‌موو كه‌س و لایه‌نێكانیش ده‌كه‌ن له‌مكاته هه‌ستیاره‌دا به‌رپرسانه مامه‌ڵه بكه‌ن و كاتی چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك نیه. ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه... روونكردنه‌وه‌یه‌ك له پزیشكانی نیشته‌جێی دێرینی نه‌شته‌رگه‌ری سلێمانی. دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵێكی ناڕاست و بێ بنه‌ما ده‌رباره‌ی مانگرتنی پزیشكان له میدیاكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، پێمان باشه ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه بده‌ین: یه‌كه‌م: ئه‌و هه‌واڵانه ئه‌سڵ و ئه‌ساسیان نیه‌و هیچ مانگرتنێك له گۆڕێ نیه. دووه‌م: پزیشكان و كارمه‌ندان له هه‌موو به‌شه‌كان به به‌رپرسیارانه‌و به دڵسۆزانه كاری خۆیان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باش ده‌زانن له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌وانه‌دان كه مه‌ترسیان له‌سه‌ره، نه‌ك مانگرتن كه‌س داوای مۆڵه‌تیشی نه‌كردووه. سێیه‌م: داوا كراوه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی نه‌شته‌رگه‌ری حاڵه‌ته سارده‌كان، واتا ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ی كه ده‌كرێت بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوابخرێت، تا تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه، ئه‌مه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وی لۆد له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كان، بۆ ڕێگه‌كرتن له تێكه‌ڵبوونی خه‌ڵك له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كان و قاوشه‌كاندا، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ركیزو كار‌و پێداویستییه پزیشكیه‌كان له‌مكاته‌دا له به‌شه فریاكه‌وتنه‌كان و له‌و شوێنانه‌دا به‌گه‌ڕبخرێت كه تایبه‌تكراون به كۆرۆنا. چواره‌م: داوا له هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك ده‌كه‌ین له‌مكاته هه‌ستیاره‌دا به‌رپرسانه مامه‌ڵه بكه‌ن و كاتی خۆده‌رخستن و خۆنواندن و چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك نیه‌و دۆخه‌كه ئه‌وه هه‌ڵناگرێت. خاك - راگه‌یاندنی ته‌ندروستی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure