8/3/2020 09:37 PM

ئەفریقاو كۆرۆنا.. نهێنییەكی شاراوە

هەرچەندە چەند حاڵەتێكی توشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێبوەوە لە ئەفریقا دەركەوت، تائێستاش  كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانی لەدەستنەداوە، سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەو كیشوەرە، بەڵام شارەزایانی بواری پزیشكی توشی سەرسوڕمان بوون.

لە كیشوەری ئەفریقا، چەند حاڵەتێك بەتایبەتی لە وڵاتەكانی باشوورو رۆژئاوای كیشوەرەكە تۆماركراوە، تائێستا 11 حاڵەت لە تۆگۆو نیجیریاو كامیرۆن و سینگال و باشوری ئەفریقا تۆماركراون، ژمارەیەك حاڵەتی دیكەش لە وڵاتە عەرەبیەكانی سەر بەو كیشوەرە.

بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی ئەو كیشوەرە كە 1.3 ملیار كەسە، حاڵەتەكان كەمن، دڵۆپێك ئاوە لە دەریایەك، تائێستا ژمارەی توشبووان لە جیهاندا گەیشتۆتە 105 هەزار كەس.

كۆتایی ساڵی رابردوو حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسەكە لەو كیشوەرە دەركەوتن، هەرزوو شارەزایان لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هۆشدارییاندا، هۆكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە وڵاتانی ئەو كیشوەرە پەیوەندی بازرگانی بەرچاویان لەگەڵ چیندا هەیە، سەرەڕای خراپی خزمەتگوزاری تەندروستی لە زۆربەی وڵاتەكانی ئەو كیشوەرە.

توێژینەوەیەكی پزیشكی كە گۆڤاری وەرزی (لانسیت) بڵاویكردوەتەوە، ئاماژە بە ئاستی ئامادەیی مامەڵەی وڵاتە ئەفریقییەكان دەكات لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێبووە (كۆفید 19).

توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە وڵاتەكانی جەزائیرو میسرو باشوری ئەفریقا لەو وڵاتانەن كە لەكاتی گەیشتنی ڤایرۆسەكە بە وڵاتەكانیان، بۆ مامەڵەكردن بە ڤایرۆسەكە ئامادەیی باشیان تێدایە.

پرۆفیسۆر سومبی ندۆنگۆ لە پەیمانگای ئەفریقا بۆ توێژینەوەی پزیشكی لە باشوری ئەفریقا پرسیار دەكات كە بۆچی پەتاكە لە كیشوەری ئەفریقا بڵاونەبوەتەوە؟ لەوە دەچێت گەشت و هاتوچۆ لەنێوان ئەفریقاو چین بە ڕادەیەكی زۆر نەبێت، بەڵام هێڵی ئاسمانی ئەسیوبی بە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لە كیشوەری ئەفریقیا دادەنرێت، تائێستاش گەشتەكانی بۆ وڵاتی چین رانەگرتووەو بەردەوامە، كۆمپانیای فڕۆكەوانی لە باشوری چین رۆژی چوارشەممە گەشتەكانی بۆ وڵاتی كینیا دەستپێكردوەتەوە.

كەسانێك دووركەوتنەوەی ڤایرۆسەكە لە كیشوەری ئەفریقا دەگەڕێننەوە بۆ  هۆكاری گەرما، لەمبارەیەوە پرۆفیسۆر یەزدان یەزدانبا لێپرسراوی بەشی نەخۆشیەكانی هەناوی لە نەخۆشخانەی بیشات لە پاریس دەڵێت:  لەوانەیە ڤایرۆسی كۆرۆنا توانای ئەوەی نەبێت لە ژینگەیەكی وەك كیشوەری ئەفریقا بڵاوببێتەوە، بەڵام پرۆفیسۆر رۆدنی ئاد لە زانكۆی ئاغاجان لە كینیا ئەم گریمانە رەتدەكاتەوە، ئێستا بەڵگەیەك نییە كە ئاماژە بەوە بكات ئاو و هەوا كاریگەری لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەكە هەبێت.

هەروەها توێژینەوەكەی لانسیت ئاماژەی بەوە كردووە كە نیجیریا لەسەر ئاستێكی باڵا مەترسی پیسبوونی ژینگەی لەسەرە، بەڵام لە بەرامبەر مامەڵەكردن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادەیی باشی هەیە.

یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نیجیریا هاووڵاتیەكی ئیتاڵی بوو كە لەو وڵاتە كاری دەكرد، هەرچەندە زانایان پێشبنی ئەوەیان نەكردبوو.

خاك - پوكمیدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved