8/3/2020 09:44 PM

تاقیگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینی كۆرۆنا له‌ گه‌رمیان كه‌وته‌كار

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆیان بابه‌تێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌ تاقیگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینی كۆرۆنا له‌ گه‌رمیان كه‌وتووه‌ته‌كار.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه‌، تاقیگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینی كۆرۆنا له‌ گه‌رمیان كه‌وته‌كارو ڕۆژی 8-3 یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی پشكنینی گومانلێكراوان له‌ تاقیگه‌كه‌ ئه‌نجامدرا.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان ڕاگه‌یاندووه‌، له‌لایه‌ن به‌شی تاقیگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌لار یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پشكنینی كۆرۆنا كرایه‌وه‌و ئامێرو پێداویستی تایبه‌تی بۆ ته‌رخانكراوه‌. له‌ یه‌كه‌م ئه‌ركیشیدا هه‌ستا به‌ وه‌رگرتنی سامپڵ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ كه‌ره‌نتینه‌ی گه‌رمیان نیشته‌جێن و ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له‌ كه‌ره‌نتینه‌كه‌ ته‌واوبووه‌و پێش ده‌رچوونیان پشكنینیان بۆ ده‌كرێت به‌ مه‌به‌ستی دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ نین. له‌ قۆناغی داهاتووشدا په‌ره‌ به‌ كاری یه‌كه‌كه‌ ده‌درێت بۆ ئه‌نجامدانی پشكنینی زیاتر بۆ حاڵه‌ته‌ گومانلێكراوه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لای خۆشیه‌وه‌ د.سیروان محه‌مه‌د به‌ڕێوبه‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان، ده‌ستخۆشی له‌ ئیداره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی و لێپرسراو و كارمه‌ندانی به‌شی تاقیگه‌ كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد به‌مكاره‌یان بارگرانی پرۆسه‌ی پشكنینی گومانلێكراوان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌و سوودی زۆریش ده‌گه‌یه‌نن بۆ زوو ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌ته‌ گومانلێكراوه‌كان.

خاك - ئا/ كاشان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved