9/3/2020 11:14 AM

وتاری ئۆنلاینی پاپ بۆ یەکەم جار؛ ڤاتیکان وازی لەنەریتێکی سەدان ساڵە هێنا بەهۆی کۆرۆناوە

بەدڵنیاییەوە کۆرۆنا بۆتە گەورەترین قەیرانی جیهانی لەئێستادا. ئەم ڤایرۆسە تا ئێستا کۆمەڵێک کەسی لەئیتاڵیا قوربانی کردووە. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وتاری رۆژی یەکشەممەی پاپای ڤاتیکان بەشێوەی راستەوخۆ و ئۆنلاین لەم وڵاتە بڵاوبووەوە.
پاپا پاش چەندین سەدە نەریتەکانی شکاند و وتاری رۆژی یەکشەممەی خۆی بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەشکرد. قسەکانی پاپا بەشێوەی راستەوخۆ لەشاشەیەکی گەورە لەگۆڕەپانی "سەن پیتر" بڵاوبووەوە. پاپا بەر لەوەی قسەکانی بەشێوەی ئۆنلاین دەست پێبکا، سەرەتا بە ماوی چەند چرکەیەک لەپەنجەرەی کۆشکی ڤاتیکانەوە خۆی پیشانی ئەو خەڵکە کەمە دا وا لەدەوری گۆڕەپانەکە کۆببوونەوە.
پاپا لەمیانی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەست ئەکات بەند کراوە. پاپا هەروەها لەقسەکانیدا ئاماژەی بە خۆپاراستنی خەڵک لەکۆبوونەوە کرد و  گوتیشی ئەبێ رێنماییە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگرن. پاپا لەدرێژەی قسەکانی رۆژی یەکشەممەدا گوتی: "من بەهۆی دۆعاوە هەست بە نزیکی لەو کەسانە ئەکەم وا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. من بۆ دڵگەرمیی خەڵکی بەئیمان لەم ساتەوەختە ناخۆش و ترسێنەرەدا، بە هیوا و ئیمانەوە تێکەڵ بە ریزی برا قەشەکانی خۆم ئەبم."
تا ئێستا نزیکەی 6هەزار کەس لە ئیتاڵیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 233 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. لەم رووەوە ئیتاڵیان بۆتە ناوەندی ئەم پەتایە لەناو وڵاتە ئەوروپییەکاندا. ئەم قەیرانه بووە هۆی کەرەنتینه کردنی نزیکەی 16 ملیۆن هاووڵاتی لەئیتاڵیا.
پاپا لەرۆژانی رابردوودا تووشی هەڵامەت هاتبوو و هەندێک کەس باسیان لەوە ئەکرد کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە. هەر بۆیه پشکنینی بۆ کراو و دەرکەوت کە ئەنجامی پشکنینەکە نەرێنییە. بەساڵاچوویی و هەروەها ئەوەی کە پاپا پێشتر تووشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان هاتووە بۆته هۆی ئەوەی جەستەی لەبەرامبەر نەخۆشییەکاندا لاواز بێت.

 

سەرچاوە: nypost

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved