9/3/2020 04:36 PM

ئەو پیاوە تووڕەیەی لەسەر هەقە

ئێستا لە یانەی بارسیلۆنا كەسێك پەیدا بووە و بەئاشكراش لەبەرچاوی هەمووان دەبینرێت و بەدەنگێكی بەرز لەبەرچاوی هەموو دنیا بەدەنگی بەرز حەقیقەت دەڵێت ئەویش ئیدێر سارابیای یاردیەدەری كیكی سیتینی راهێنەرە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین ئێستا ئەم كەسە واتە سارابیا بۆچی لەلایەن هێندێك لە ئیدارەی یانەكەو چەند یاریزانێكەوە رووبەڕوی رەخنەی زۆر بۆتەوە، ئەو دەستە راستی سیتینە، لەكاتێكدا هەر لەگەڵ ئەوەی سیتین بوو بە ڕاهێنەرو ئەویش ئەمی بەیاریدەدەری خۆی دیارییكرد، بەتیمی بارساو ئیدارەی یانەكەش ووترا ئەم كەسە زوو هەڵدەچێت و زۆریش توڕەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆری میسی خۆشدەوێت و شێتیی یاریی تۆپی پێیە.
تەنیا ١٥ یاریزانیان هەیە
لەو كاتەوەی ئەم دوانە ئەركی راهێنانی یانە كەتەلۆنییەكەیان لەئەستۆ گرتووە، تیپەكە لەبارودرخێكی خراپدایە، چەند یاریزانێكی سەرەكی تیپەكە پێكانیان هەیە، بەجۆرێك هەردووكیان ئێستا تەنیا 15 یاریزانی باشیان لەبەردەستدا ماوە، ئەوە وەرگرتنی كارتە زەردو سورەكانیش لەلاوە بووەستێت كە هەرجارەو یاریزانێك یان دوانیان دوور دەخاتەوە.
ئەو شتانەو كێشە كەڵەكە بووەكانی تری یانەكە لەنموونەی ئەنجامە خراپەكان و خراپی ئاستی چەند یاریزانێكیش وایان كردووە سارابیا زوو زوو هەڵبچێت، ئەم هەڵچونانەش بەئاشكرا لە كلاسیكۆدا بینرا، كامێراكانی نێو یاریگا كاردانەوەی توندی سارابیایان تۆمار كردووەو دواتریش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەشێوەیەكی بەربڵاو بڵاو كرانەوە.
دوو گرتە لە کۆی چەندین گرتە
لەو گرتانە دوو گرتە بڵاو بۆتەوە زۆر بەخراپی لە گریزمان توڕە دەبێت، تەنانەت قسەی ناشیرینیشی پێدەڵێت، هەموو لایەك دەڵێن: ئەم تووڕە بوونەی سارابیا و ئەو قسە ناشیرینانەی بەیاریزانانی بارسای دەڵێت بۆچی و لەسەر چییە، ئەوە رەفتاری یاریدەدەری راهێنەری یانەیەكی زەبەلاحی وەك بارسا نییە.
هەرپاش تەواو بوونی ئەو یارییەو بڵاو بوونەوەی كاردانەوە توندەكانی سارابیا، ئەوە ووترا كە ئایا سیتین دەستلەكار دەكێشێتەوە، ئایا سیتین راهێنەرە یان سارابیا، باسی ئەوەش كرا كە ئەو رەفتارانەی سارابیا یاریزانانی یانەكەشی تووڕەكردووە، تەنانەت ئەوترێت پێی راگەیەنراوە ئەوە هەڵس و كەوتێكی شیاو نییە بەرامبەر یاریزانانی یانەی بارسیلۆنا، بۆیە چاوەڕوانی كاردانەوەی توند بەرامبەر سارابیا دەكرا.
زۆرێك لەوانەی كە پشتیوانی لە سارابیا دەكەن پێیان وایە ئەو لەسەر هەقە، یاریزانەكان لەو یارییەی كلاسیكۆدا لەتایمی یەكەمدا دەبوو لانی كەم گۆڵێك یان دوو گۆڵیان بكردایە، بەتایبەتی میسی و گریزمان و ئارسۆر، دۆڕانی یارییەكەش واتە چوونەوەی بارسا بۆ پلەی دووەمی، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر بیانبردایەتەوە ئەوا پێنج خاڵ پێش ریاڵ دەكەوتن.
ئەو یاریزانانەی كە بوونە نیشانەی تیری سارابیاو ئەو لێیان تووڕە بووە بریتین لە؛ گریزمان و ئارسۆر و پیكێ و سیمیدۆ و تیر شتیگن و دی یۆنگ، ئەو زۆر لە ئەدای ئەو یاریزانانە تووڕە بووە بۆیە كاردانەوەی توندی بەرامبەریان هەبووە.
ئیدارە دوو بەشن
بەشێك لە ئیدارەی یانەكە پشتگیری لە هەڵوێستی سارابیا دەكەن و پێیان وایە ئەوە لەوپەڕی دڵسۆزییەوەیەتی بۆ تیپەكەو بۆ یانەكە، بۆیە بەشێك لە ژوری خۆگۆڕینی تیپەكەش بەشتێكی ئاسایی دەزانن، لەبەرامبەردا بەشێكی هەردوولاشی تووڕە كردووە، بەجۆرێك ئێستا بەشێك لە ئیدارەی یانەكە پێیان باشە سارابیا ئەو كاردانانەوەی هەبێت بەڵام بەشێوەیەكی ئارامتر.
وەك رۆژنامەكانی ئیسپانیا باسیان كردووە سارابیا پێش یاریی كلاسیكۆ بەیاریزانەكانی ووتووە لەتیپەكەدا هیچ یاریزانێك سەرەكی نییە، هەموو یاریزانێك ئەشێت دابنشێنرێت ئەگەر وەك پێویست یاریی نەكات.
رووی كردۆتە گریزمان و پێی ووتووە ئەگەر ئەوەندە هەلی گۆڵكردن لەدەستبدات، ئەوا لەكاتی گەڕانەوەی سوارێزدا كورسی یەدەگ جێگای دەبێت، بە بۆسكێتسی ووتووە كە زۆر رازی نییە بەو ئاستەی لەیارییدا پیشانی دەدات، بەتایبەتیش كاتێك تۆپ لای تیپی بەرامبەرە، بە پیكییەو ئۆمتیتی ووتووە هەڵەی تاكە كەسیتان زۆرە، داوای لە دی یۆنگ و ئارسۆر كردووە كە تۆپ وەردەگرن راستەوخۆ هێرش دەستپێبكەن و ناشبێت لەدوای خۆتانەوە بۆشایی هەبێت.
تەنانەت گلەیی لە میسی و شتیگنیش هەبووە، بە شتیگنی ووتووە دەبێت بەجوانترین شێوە هێرش لەلای تۆوە دەستپێبكات، بەمیسیشی ووتووە دەبێت یارمەتی یاریزانانی لایەكان بدات لەكاتی هێرش دروستكردندا.
هەموو ئەمانەی ووتران لەزار و لە روبەری رۆژنامەو لە زومی كامێراو لە دەمی شارەزایانەوە گەیشتۆتە كەناڵەكانی راگەیاندن، رایەكی گشتیش هەیە ئەویش ئەوەیە سارابیا لەسەر هەقە، تووڕەبوونی بۆ تیپەكەیە، بۆ یانەكەیە، ئەو بۆچوونانەشی هەموویان لەجێی خۆیاندان و یاریزانانی تیپەكەش خۆیان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ساربیا هەقی لەلایە.
دواپێشهاتەکان
دوا پێشهات لەسەر ئەم كێشانە ئەوەیە كۆبوونەوەیەك لەنێوان تیمی راهێنانی یانەكەو یاریزاناندا كراوەو بەووردی هەموو شتێك باسكراوە، وەك دەوترێت لەنێوان هەردوولادا لێكتێگەیشتن هەبووەو دەست خراوەتە سەر خالە سەلبی ئیجابییەكان و هیچ كێشەیەك نەماوە.
میسیش پێش یەكەم یەكەی راهێنانی دوای كلاسیكۆ بۆ ماوەی 40 دەقیقە لەگەڵ یاریزانەكان كۆبووەتەوە ئەم كۆبوونەوەیەش ئیجابی بووەو هیچ كێشەیەك دروست نبووە و هەموو شتەكان بە باشی رۆیشتوون.
لە یەكەی راهێنانی پێش یاریی ئەم هەفتەیەشیان بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد کە ١-٠ بردیانەوە، بەپێی هەواڵێكی پێگەی ئیسپن: كەشی راهێنانەكان ئارام بووە، راهێنان بەچڕی كراوە، سیتین و ساربیا بەیارمەتی سەرجەم یاریزانان، كۆنترۆڵی راهێنانیان كردووە،
لەكۆنگرەی رۆژنامە وانی پێش یاریی بارساو ریاڵ بتیسیش سیتین لەو رووەوە دڵنیایی داوەو لەسەر ئەم كێشانە ووتی: ئەوە كێشەیەك بووەو چارە سەركراوە، ئەوەندەی هەیە ئەوەبووە سارابیا شێوازی دەربڕینەكانی هەڵەبووە، ئێمە داوای لێبوردنمان كردووە.
پش تەواو بوونی یارییەکەی شەوی شەمەشیان بەرانبەر ریاڵ سۆسیداد لە وەڵامی رۆژنامە نووساندا سەبارەت بە سارابیا ووتی؛ ئەو لەسەر هە‌قە،منیش لەجێی ئەوبم هەمان کاردانەوەم دەبێت.

خاك-ستادیوم




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved