10/3/2020 01:52 PM

ئەگەری تووشبوونی "ترەمپ" بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئەمریکاش بڵاوبۆتەوە و رادەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتیانی گیرۆدە کردووە. لەم دواییانەدا چەندین نوێنەری حزبی کۆماریخواز کەرەنتینە کراون و باس لەتووشبوونی "ترەمپ"ـیش لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا هاتۆتە ئاراوە.
سەرۆکی ئەمریکا پاش گەشتێکی ئاسمانی و تەوقەکردن لەگەڵ نوێنەرێکی کۆنگرێس کە گومانی تووشبوون بە کرۆنای لەسەرە، پشکنینی بۆ نەکرا. "ستیفانی گریشام"ـی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە: "پشکنینی پزیشکی پێویست نییە، چونکە ترەمپ نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای نییە و تووشبوونی نوێنەرانی پەرلەمانیش پشتڕاست نەکراوەتەوە."
گریشام سەبارەت بە ئەگەری تووشبوونی ترەمپ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گوتوویەتی: "سەرۆک‌کۆمار تاقیکاری تایبەت بە کۆرۆنای ئەنجام نەداوە، چونکە پەیوەندییەکی نزیک و درێژماوەی لەگەڵ کەسێکی تووشبوو نەبووە و هەروەها هیچ نیشانەیەکی ئەم نەخۆشییەی نییە. تەندروستی سەرۆک زۆر جێگیرە و پزیشکەشی بەبەردەوامی چاودێری ئەکات. بەپێی رێنماییەکانی CDC، پسپۆڕان ئەبێ پشکنین بۆ کەسێک بکەن کە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەی هەیە."
رۆژی جومعەی "دۆناڵد ترەمپ" لەگەڵ "داگ کالینز"ـی نوێنەری ویلایەتی "جۆرجیا" تەوقەی کردووە و رۆژی دووشەممە گەشتێکی هاوبەشی لەگەڵ "مەت گەتز"ـی نوێنەی "فلۆریدا" بووە. ئەم دوو نوێنەرە رۆژی رابردوو زانیویانە کە لەکۆنفرانسێکی سیاسی لەگەڵ کەسێکی تووشبوو پەیوەندییان بووە و هەر بۆیە خۆیان کەرەنتینە کردووە.
جگە لەم دوو نوێرە، "مارک میدۆز"ـی سەرۆکی نوێی نووسینگەی کۆشکی سپی لەدوێنێوە خۆی کەرەنتینە کردووە. هۆکاری ئەم بابەتە، پەیوەندی ئەو لەگەڵ کەسێکی تووشبوو بە کۆرۆنا لە "نیۆجێرسی" بووە. تا ئێستا تووشبوونی ئەو کەسانەی وا لەم ماوەیەدا لەگەڵ ترەمپ لەپەیوەندیدا بوون پسڕاست نەکراوەتەوە، بەم حاڵەوە ئەگەری تووشبوونی سەرۆکی ئەمریکا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئارادایە.

 

سەرچاوە: nypost

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved