له هه‌موو هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی سه‌رجه‌م مه‌رج و رێنماییه ته‌ندروستیه‌كان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان له توشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا جێبه‌جێ ده‌كرێن و قائیمقامی سلێمانیش ده‌ڵێت: ئامانجمان له‌مكاره پارێزگاریكردنه له ته‌ندروستی گشتی هاووڵاتیان و دوو هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌كه‌ینه رۆژانی روبه‌ڕووبونه‌وه‌و خۆپاراستن له ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ "به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی و لێپرسراوی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی" كۆبوه‌وه‌و هه‌موو ئه‌و رێوشوێن و رێنماییه ته‌ندروستیانه تاووتوێكران كه بڕیاره له نزیكترین كاتدا له سه‌رجه‌م هێڵه‌كانی گواستنه‌وه "پاس و تاكسی" له سلێمانی بگیرێته‌به‌ر. له‌باره‌ی گرتنه‌به‌ری رێوشێنی پێویستی خۆپارێزی ته‌ندروستی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هێڵه‌كانی گواستنه‌وه ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێت له‌م رێگه‌یه‌وه هه‌نگاوی پێویست و گرنگ بنێن بۆ رێگریكردن له بڵابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان, وتيشی: پارێزگاریكردن له ته‌ندروستی خه‌ڵك به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌یه له ئه‌ستۆی هه‌موو لایه‌ك و له‌م قۆناغه‌شدا ئه‌ركی یه‌كه‌م و له‌پێشینه‌ی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت ده‌بێت. قائیمقامی سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی و لێپرسراوی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی راسپارد له نزیكترین كاتدا هه‌موو رێنمایی و رێوشوێنه ته‌ندروستیه‌كان له سه‌رجه‌م تێرمیناڵ و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی له‌ناو شار‌و ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی بگیرێته‌به‌ر. وتیشی: گرتنه‌به‌ری رێنمایی و رێوشوێنه ته‌ندروستيیه‌كان له هێڵه‌كانی گواستنه‌وه به‌وجۆره ده‌بێت: له گۆڕه‌پانی هێڵه‌كان پاكوخاوێنی و رێنماییه ته‌ندروستیه‌كان له ئاستێكی باڵادا له‌به‌رچاو ده‌گیرێت و شۆفێرانیش پابه‌ند ده‌بن به پاكژكردنه‌وه‌ی نێو ئوتومبێله‌كانیان له‌رێگه‌ی رشتنی مه‌وادو ده‌رمانه دژه ڤایرۆس و به‌كتریاكان, ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی گشتی هه‌رێمی كورستان و رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا. لێپرسراوانی گواستنه‌وه‌و هێڵه گشتیه‌كانی سلێمانیش رایانگه‌یاند: بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان له توشبوون به كۆرۆنا له نزیكترین كاتدا له سه‌رجه‌م تێرمیناڵ و هێڵه‌كانی سلێمانی رێوشوێنی پێویستی ته‌ندروستی ده‌گیرێته‌به‌رو سه‌رجه‌م مه‌رج و رێنماییه ته‌ندروستیه‌كان له‌نێو پاس و تاكسیه‌كانی سلێمانی جێبه‌جێ ده‌كرێت. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure