بەشێک لە پزیشکانی کوردستان لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە کۆمەڵێک داواکاری گرنگ و بەپەلە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، دەقی ڕاگەیەندراوەکە: بەڕێزان سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێزان وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم بەڕێزان ئاسایشی گشتیی ھەرێم بەناوی بەشێک لە پزیشکانی دڵسۆز و خەمخۆری کوردستانیان، لە سۆنگەی دڵسۆزییمان بۆ تەندروستیی گشتیی و ژیانی ھاونیشتمانیانمان، لە سەروبەندی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و نەخۆشیی کۆڤید و پابەند بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانیی، ڕێگریی کردن لە ڕوودانی کارەسات، داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە مافی یاسایی و ئیداریی خۆتان بەکاربێنن لە ٣⁄١١ بۆ ٣⁄٢٥ واتا تەنھا بۆ ماوەی دوو ھەفتە ئەم داواکارییانە بخرێتە بواری جێبەجێ کردن، تکا دەکەین بۆ سەلامەتیی ھەموو لایەکمان ئەم داواکارییانە بەھەند وەرگرن:
١-لێپێچینەوەی تووند و سزای یاسایی ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە بە ئەنقەست دژی ھۆشیاریی خەڵکن و بە ھەڵسوکەوتەکانیان دەبنە ھۆکارێک بۆ خولقاندنی ئافات و کارەسات. ٢-ھەموو کۆبوونەوەیەکی شوێنە گشتییەکان بەتایبەت ناو بازاڕەکان، قەدەغەبکرێت و سەرپێچیکار سزای یاسایی تووند بدرێت. ٣-گەشت و سەیران لە کۆمەڵگە گەشتیارییەکان و سەیرانگە داخراوەکان قەدەغە بکرێت و لێپێچینەوەی تووند لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە پابەند نابن. ٤-ئەم ماوەیە ھەموو ئاھەنگ و پرسە و بۆنەیەک قەدەغە بکرێت. ٥-قەدەغەکردنی ھاتووچۆی نێوان ھەرێم لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێڕاق، تەنھا بۆ بازرگانیی پێویست نەبێت، ھاتووچۆ ڕابگیرێت. ھەماھەنگیی و بەدەمەوە ھاتنتان، ھۆکارێکی سەرەکیی ڕێگریی کردنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە، خوانەخواستە با کوردستانیش وەک ئێران و ئیتاڵیای بەسەر نەیەت. بەشێک لە پزیشکانی کوردستان
خاك - زاموا زاهیر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure