11/3/2020 02:52 PM

قەیرانی گەورە؛ دژکردەوەی خێرا بەنسبەت کۆرۆنا و کەمترخەمی بەنسبەت ژینگە

ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو جیهانی گیرۆدە کردووە. لەچین ملیۆنان کەس کەرەنتینە کراون و ئەو وێنانەی لەئاسمانەوە و لەلایەن سەتەلایتەکانەوە تۆمار کراوە ئەمە ئەخاتە روو کە خانەنشینبوونی خەڵک و داخستنی کارگەکان، رادەی ژەهراویبوونی هەوای کەم کردۆتەوە. کۆمپانیاکان لەماڵەوە کارەکانیان ئەنجام ئەدەن و قوتابخانه و زانکۆکان داخراون و هەموو وڵاتان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بەخێرایی دەستبەکار بوون.
دژکردەوەی خێرای وڵاتان لەبەرامبەر کۆرۆنادا ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە ئەگەر ئەم وڵاتانه هەمان دژکردەوەیان بۆ بابەتی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان بوایە، دۆخەکە چی بەسەر ئەهات؟ قەیرانی کەشوهەوا لەکۆرۆنا مەترسیدارترە بەڵام هیچ دژکردەویەک نایەتە ئاراوە.
"May Boeve"، بەرپرسی کارگێڕی پارێزەرانی ژینگە-350 ئەڵێ: "قەیرانی کۆرۆنا ئەمەی روون کردەوە کە حکومەت و خەڵک ئەتوانن لەماوەیەکی کەمدا بەخێرایی لەبەرامبەر قەیرانەکاندا دژکردەوە بنوێنن. بزووتنەوەی "گۆڕانی کەشوهەوا" ساڵانێکی زۆرە هۆشداری ئەداتە خەڵک و حکومەتەکان و داوای هاوکاریان لێ ئەکات بەڵام هیچ وڵامێکی تۆکمەی وەرنەگرتۆتەوە. بەگوتەی ئەم چالاکڤانی ژینگەیە کێشەکە خەڵک نین، چونکە خەڵک لەماوەیەکی کەمدا دێنە سەر خەت و دژکردەویان ئەبێت. نیگەرانی سەرەکی حکومەتەکانن کە حەزیان لەم کارە نییە.
ژەهراویبوونی کەشوهەوا کە بەشێکی زۆری دەرەنجامی بەکارهێنانی سووتەمەنییە فۆسیلییەکانە، جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا، هەموو ساڵێک ملیۆنان کەس ئەکاتە قوربانی. نەخۆشی "مەلاریا" و "تای دەنگێ/ Debgue Fever" بە هاتنی مێشوولەکان بۆ شوێنی نوێ سەرهەڵدەدەن و رێک هاوشێوەی کۆرۆنا، ئەو کەسانەی وا لەناوچە هەژارەکان ئەژین، زیاترین زیانیان بەردەکەوێت.
لافاوە ماڵوێرانکەرەکان و ئاگرکەوتنەوە گەورەکان، حکومەتەکانی تا رادەیەک هۆشیار کردۆتەو و تێگەیشتوون کە هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتانه چییە، بەڵام هێشتاش ئەو دژکردەوە پێویستەیان نەبووە بەنسبەت ژینگه و کەشوهەواوە. دیارە قەیرانی کۆرۆنا تێپەر ئەبێ بەڵام لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی ژینگەیی رووبەڕوو ئەبینەوە.

 

سەرچاوە: fastcompany

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved