11/3/2020 04:46 PM

بۆچی ناتوانرێت بە خێرایی ڤاكسینێك بۆ كۆرۆنا بدۆزرێتەوە؟


سەرەڕای هەوڵەكانی ناوەندە زانستییەكانی چین و هەنگاوە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ڕێگرتن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگیرێت.
لەم چوارچێوەیەشدا ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی( WHO) ئاشكرایكردووە، پێدەچێت تا 18 مانگی تر نەتوانرێت هیچ ڤاكسینێك بەرهەم بهێنرێت كە ببێتە هۆی ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لەمبارەیەوە ناوەندە تەندروستییە جیهانییەكان هۆكارەكانی ئەو دواكەوتنەیان لەچەند خاڵێكدا ڕونكردووەتەوە.
لە نیوەی یەكەمی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا چین بە ئاشكرا زنجیرەی (RNA)ی ڤایرۆسی ناسراو بە (COVID-19)ی ڕاگەیاند و دوای ئەوە دەست كرا بە پرۆسەی گەشەدان بە ڤاكسینێك لە سەرتاسەری جیهاندا و لەوانەش پەیمانگای (كوینزلاند) و پەیمانگا ئەمریكی و ئەوروپییەكانیش بە هەمان شێوە.
لە كۆتایی كانوونی دووەمدا، بۆ یەكەمینجار و لە لایەن پەیمانگای (Doherty)ی میلبۆرنەوە ڤایرۆسەكە لە دەرەوەی چین و لەتاقیگەدا گەشەی پێدرا، ئەمەش هەنگاوێكی فرە گرنگە و یەكەمین جارە توێژەرەوەكان لە وڵاتی تردا بگەنە نمونەیەكی زیندووی ڤایرۆسەكە.
بە بەكارهێنانی ئەم نمونەیەش توێژەرەوەكانی تاقیگەی(CSIRO) كە تاقیگەیەكی تەندروستیی ئاژەڵە، دەتوانن دەستبكەن بەپرۆسەی تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ئەمەش بە هەنگاوێكی تری یەكلاكەرەوە دادەنرێت لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ دروستكردنی ڤاكسینێك لە دژی ئەو نەخۆشییە كوشندەیە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووش ئەوا پرۆسەكانی گەشەپێدانی ڤاكسینەكان زۆربەیان چەندین ساڵی خایاندووە و كەمترینیان دوای دوساڵ توانراوە ڤاكسیینی بۆ دۆزرێتەوە، بە ئەزمون وەرگرتن لەو هەوڵانەش ڕەنگە توێژەرەوەكان بتوانن لە ماوەیەكی كورتتردا ڤاكسینێك بۆ ئەم جۆرە ڤایرۆسەش بدۆزنەوە.
ئەوەی بووەتە كێشەیەكی گەورە ئەوەیە كە تا ئێستا هیچ پەیمانگەیەكی زانستی نییە بەتەنها بتوانێت ئاسانكاریی بكات بۆ گەشەپێدانی ئەو ڤاكسینە و قۆناغەكانی گەشەپێدانەكەش بۆخۆی درێژترە لەوەی مەزەندە دەكرێت، چونكە:
یەكەم: دەبێت لەسەرەتاوە تایبەتمەندییەكانی ڤایرۆسەكە و ڕەفتارەكانی بزانرێت لە لای مرۆڤی هەڵگر و بۆ ئەوەش دەبێت نمونەیەكی گیانلەبەر هەبێت.
دووەم: دەبێت بسەلمێنرێت ئەو ڤاكسینە باشە و لەوانەیە بیدات لەبەشە ڕاستەكەی بەرگریی لەشی مرۆڤ بێ ئەوەی هیچ زیانێكی ئەوتۆی هەبێت، پاشان دەبێت بە بەكارهێنانی نمونەی ئاژەڵیی تاقیكردنەوەی لەسەر بكرێت، بەر لەوەی بۆ نەخۆش بەكاربهێنرێت.
دوای ئەوە لەلایەن ئەو پەیمانگایانەی توانای تاقیكردنەوەیان هەیە لەسەر مرۆڤ دەكرێت ڤاكسینەكە لەسەر نەخۆش تاقیبكرێتەوە، تا ئێستاش دیاری نەكراوە كێ و لە كوێ ئەو تاقیكردنەوانە دەكات؟.
لەكۆتایشدا ئەگەر سەلمێندرا كە ڤاكسینەكە سەلامەت و كارایە، ئینجا دەبێت ڕەزامەندی ڕەسمیی بۆ وەربگیرێت و پارەی پێویست تەرخان بكرێت بۆ دروستكردنی ڤاكسینەكە دوای ئەوە ئیدی ئامادە دەبێت بۆ هەموو جیهان.
پێویستە بوترێت، هەموو هەنگاوێك لەو هەنگاوانە ڕووبەرووی ئەلنگاریی دەبێتەوە، كە گرنگترینیان ئەمانەیە:
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بەشداریكردووە لە داهێنانەكانی ئامادەكاریی بۆ پەتاكە و لە دوو هەنگاوی یەكەمدا كە ئەوانیش دەستنیشانكردنی تایبەتمەندیی ڤایرۆسەكەی ئێستا و پاشان تاقیكردنەوەكانی پێش نەخۆش، سەرەرای ئەوەی پەیمانگای(Doherty) ڕۆڵی كارای هەبووە لە گۆشەگیركردنی ڤایرۆسەكە، ئەوا هەنگاوی دووەم دروستكردنی بڕێكی زۆرە لەو ڤایرۆسە بۆ ئەوەی زاناكان بڕی پێویستیان لەو نمونەیە لەبەر دەستدا بێت بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن، ئەمەش گەشەپێكردنی ڤایرۆسەكەیە لەتاقیگەدا‌و لە بارودۆخێكی ئەمین و پاكژدا
ئاڵنگاری دووەمیش لە گەشەپێدان و سەلماندنی ڕاستیی نمونە بایەلۆژییە گونجاوەكەی ڤایرۆسەكەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو نمونە گیاندارییەش ئەو بەڵگانە دەخاتەڕوو كە ڤایرۆسەكە چۆن ڕەفتار دەكات لە لەشی مرۆڤدا.
كاركردن لەگەڵ ڤایرۆسی سارس كە لە ساڵانی (٢٠٠٢-٢٠٠٣)دا لە چین بڵاوبووەوە بناغەیەكی باشە بۆ كاركردن لەسەری، چونكە ئەو كاتە زاناكان توانیان نمونەیەكی بیۆلۆجی بۆ نەخۆشیی سارس دروست بكەن و لەوەشدا ئاژەڵە كرتێنەرەكانیان بەكارهێنا بە مەبەستی دەستنیشانكردنی هەڵگریی بنەڕەتیی ڤایرۆسەكە و كە ئەویش شەمشەمەكوێرەكان بوون.
ڤایرۆسی سارس و (COVID-19)ی نوێ لە (80-90%)ی كۆدی جینیان لەیەك دەچێت، ئەمەش مانای وایە ئەزمونی سارس بە واتای هیوایەكی باشە بۆ ئەم ڤایرۆسە نوێیە.
لێردەدا دەتوانرێت بوترێت ئەگەری بەهێز ئەوەیە كە ڤایرۆسەكە بگۆرێت بە تایبەت دوای ئەوەی یەكەمجار لەگەڵ ئاژەڵێك خۆی دەگونجێنێت دواتر لە ئاژەڵەوە بگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و ئێستاش هەنگاوە گرنگەكەی ناوە كە گواستنەوەیەتی لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی تر، لە كاتێكدا ڤایرۆسەكە بەردەوام تووشی خەڵك دەبێت، ئەوا بە قۆناغی جێگیربووندا تێدەپەڕێت و ئەمەش بەشێكە لە پرۆسەی بازدان، كە جیاوازە لەبەشەكانی تری جیهاندا ئەویش هۆكاری جیا جیای هەیە. لەوانەش چڕیی دانیشتوان كە ئەمەش كاردەكاتە سەر ژمارەی توشبووان و هەل بۆ ڤایرۆسەكە دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بگۆردرێت.
توشبون بە جۆرەكانی تری كۆرنا كاریگەریی هەیە لەسەر ڕادەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دەركەوتنی جۆری جیاواز كە تا ڕادەیەكی زۆر لە ئەنفلۆنزای وەرزیی بچێت، هەر بۆیە دەبێت كاركردن لەگەڵ تازەترین خێزانی ڤایرۆسەكە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هەلی زیاتر بۆ ڤاكسینەكە بڕەخسێت بۆ ئەوەی كاریگەر بێت.
دەبێت هەموو ئەو كارانەش لە كەشێكی زۆر توندی كوالیتی بەرز و سەلامەتتدا بكرێت كە لەگەڵ یاسا جیهانییەكاندا بگونجێت، بۆ دابینكردنی سەلامەتیی ئەوانەی كار لەو پرۆژەیەدا دەكەن و هەموو كۆمەڵگەی مرۆییش بە شێوەیەكی گشتیی .
لێرەدا ئاڵنگارییەكی تر دەردەكەوێت كە خۆی لە دروستكردنی پرۆتین لە خودی ڤایرۆسەكەدا دەبینێتەوە كە پێویستە بۆ گەشەپێدانی ڤاكسینە چاوەڕوانكراوەكە، ئەم پرۆتینانەش بە تایبەت بۆ ئەوە دروستكراون كە لە كاتی بەكارهێنانیاندا كەسەكە وەڵامدانەوەی ئەرێنی هەبێت، ئەمەش ڕێگە دەدات سیستمی بەرگریی لەشی كەسەكە پارێزگارییەكی وا دروست بكات كە لە داهاتوودا هیچ پەتایەك نەگرێت.
خۆشبەختانە، پێشكەوتنە نوێیەكان لە تێگەیشتن لە پرۆتینە ڤایرۆسییەكان و پێكهاتەی و ئەركەكانی، وایكردووە ئەو كارە لەسەرانسەری جیهاندا بە خێراییەكی بەرچاو پێشبكەوێت.
جیگەی ئاماژەیە، گەشەپێدانی ڤاكسینێكی كارا، ئەركێكی زۆر مەزنە و شتێك نییە لەشەو وڕۆژێكدا بكرێت، بەڵام گەر كارەكان بە پێی پلانێكی باش بڕوات بەڕێوە ئەوا هاتنە دونیای ئەو ڤاكسینە زۆر زووتر دەبێت لەوەی كە پێشتر باسكراوە.

سەرچاوە : الصحە والحیاە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved