15/3/2020 01:03 PM

هەنگاوەکانی هۆڵەندا بەرەو دۆزینەوەی دەرمانی کۆرۆنا

تیمێکی دە کەسی لەناوەندی پزیشکیی "ئەراسمۆس" و زانکۆی "ئۆترخت" لە "رۆرتردام"ـی هۆڵەندا توانیویانە یەکەم "ئەنتی بادی/ antibody" ڤایرۆسی کۆرۆنا بدۆزنەوە. بەگوتەی ئەم توێژەرانە ئەمە یەکەم "ئەنتی بادی"ـیە کە دۆزراوەتەوە و ئەتوانێ هەوکردنی جەستە کە لەئەنجامی تووشبوون بەم ڤایرۆسە دیتە ئاراوە، رابگرێت.
پرۆفیسۆر "فرانک گراسڤێڵد/ Frank Grasveld" ئەڵێ: "ئێمە رایدەگەیێنین کە "ئەنتی بادی مۆنۆکلۆناڵ"ـمان دروست کردووە کە ئەتوانێ چالاکییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەستێنێت."
توێژەران ئەڵێن ئەم "ئەنتی بادی"ـیە ئەتوانێ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکار بخات و ئەوە شێوازێکی نوێیە بۆ پێشگیری و چارەسەری ئەم ڤایرۆسە. هەرورها ئەم توێژەرانه رایانگەیاندووە ئەم "ئەنتی بادی"ـیە ئەتوانێ باقی ڤایرۆسەکانی بنەماڵەی "CoronaVirus" کە لەوانەیە لەداهاتوودا بڵاو ببنەوە، لەناو ببات. پرۆفیسۆر فرانک لەدرێژەدا ئەڵێ: "تا ئەو جێیەی ئێمە ئاگادارین ئەوە یەکەم ئەنتی بادییە کە چالاکی ئەم ڤایرۆسە ئەوەستێنێت. دۆزینەوەی دەرمانێکی لەم چەشنە زۆر نایابە."
ئەنجامی توێژینەوەکانی ئەم تیمە دواجار دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا نییە، بەڵکوو بۆ چارەسەریی تووشبووانی ئێستا و بەرگری لە بڵاوبوونەوی زیاتری ئەم ڤایرۆسە بەکار دێت. هەڵبەت ئەم شێوازە زۆر خێراتر لە ڤاکسین ئەچێتە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە، بەڵام ئەبێ چەندین مانگ تاقیکاری وردی پزیشکی بۆ بکرێت. بەپێی قسەکانی پرۆفیسۆر فرانک، بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانه تێچووویەکی زۆری هەیە و گوتوویەتی: "ئێمە بەشوێن کۆمپانیایەکی دەرمانسازییەوەین کە بتوانێ ئەم دەرمانه دروست بکات. ئەم دەرمانه لانیکەم ئەتوانێ بەرگری لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم ڤایرۆسە بکات."

 

سەرچاوە: nltimes

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved