16/3/2020 08:53 PM

ئەڵمانیا بۆ ئەمریکا: شکست بە کۆرۆنا دەهێنین نەك بە یەکتری

16-3-2020 یەکەمین تاقیکردنەوە لەسەر ڤاکسينی چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا ئەنجامدرا، ئەمریکاش دەیەوێت ئەو دەستکەوتە بۆ خۆی ببات و بەرلینیش توڕەیە.

ئەمریکا دەیەوێت بە "1" ملیار دۆلار گەورە دامەزراوەی زانستی "کیورفاک"ی ئەڵمانی بکڕێتەوە کە ڤاکسينی"کۆرۆنا" (كوفيد 19)ی دۆزیەوەتەوەو گەشەی پێداوەو لە ئەڵمانیا یەکەمین تاقیکردنەوە لەسەر نەخۆشی توشبوو بە کۆرۆنا پێدەکرێ.. ئەمریکاش لەهەوڵدایە مافەکانی ئەو داهێنان و چارەسەرە بۆ خۆی قۆرخ بکات و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕایگەیاند: ئەڵمانیا بۆ فرۆشتن نیە.

سەبارەت بەم پرسە ئەڵمانیا بێزارو نیگەرانە لەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ قۆرخکردن و دەستبەسەراگرتنی خاوەندارێتی ئەو دەرمانە ئەیدات. بەرپرسانی ئەڵمانیا ڕەخنەی توندیان ئاراستەی ئەمریکا کردو ڕایانگەیاند كه ئەوان دژی ئەو قۆرخکاریەن کە ئەمریکا دەیەوێت ڤاکسينی دژە کۆرۆنا وەک مافێک بۆ خۆی زەوتکات. پێشیانوایە چارەسەری دژەکۆرۆنا ئێستا لەلایەن دامەزراوەی تەندروستی "كيورفاك"وە کە هەوڵئەدات دواسەرکەوتنی ڕاگەیەنێت بۆ هەمووان دەبێت نەک تەنیا بۆ وڵاتێکی دیاریکراو.

ڕاپۆرتە میدیایەکان باس لەوە دەکەن ترامب دەیەوێت هەرچۆنێک بێت و بەزۆری پارەو توانای مادی گەشەپێدانی ئەو چەرەسەرە داگیربکات!

لەمبارەیەوە پیتر ئەلتمایەر وەزیری ئابوری ئەڵمانیا هاوپەیمانی نزیک لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل لە پەیامێکدا لەمیانەی دیدارێکدا کە ڕۆژنامەنوسی ناوداری ئەڵمانی "جابور شتاینگارت" لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو بە ئەمریکای ڕاگەیاند: ئەڵمانیا بۆ فرۆشتن نیە، ئەم لێدوانەی ئالتمایەر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ترامب بۆ قایلکردنی دامەزراوەی "كيورفاك"ی ئەڵمانی و ئەم هەلوێستەی ئەمریکا سەبارەت بە خاوەندارێتی ئەو دەرمانە ئەڵمانیای بێزارو توڕە کردووە.

ڕۆژنامەی ڤیلت ئوم زۆنتاگی ئەڵمانی سەبارەت بەم کەیسە بە پشتبەستن بە سەرچاوە حکومیەکانی بەرلین نوسیویەتی: ئەمریکا داوایکردووەو فشاری خستۆتەسەر دامەزراوەی (كيورفاك)ی نزیک شاری توبینگن کە 30 کیلۆمەتر لە خوارووی شتوتگارەتەوەیەو ئامادەیی پیشانداوە مافی یاسایی ئەو دەستکەوتە زانستيیە بە یەک ملیار دۆلار بکڕێت.

لە بەرامبەردا میدیاکان بڵاویانکردەوە ئەو دامەزراوە ئەڵمانیە وەلامی ترامپی داوەتەوەو پێیانوایە هەر چارەسەرێک دەبێت بۆ هەموو جیهان بێت نەک تەنیا بۆ وڵاتێکی دیاریکراو. ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەکانی ئەڵمانیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمیەکانی حکومەتی ئەڵمانی لە بەرلین ئاشکرایان کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا "دۆناڵد ترامپ" بە زەبرو نەعرەتەی پارە دەیەوێت زاناکانی ئەڵمانیا بۆ ئەمریکا ڕاکێشێت تا بتوانێت ئەو چارەسەرە بەهەر نرخێک بێت لەدەست ئەڵمانیا دەربێنێت و خۆی بکاتە خاوەنی.

"ئەلتمایەر" لەمبارەیەوە وتی: ئێمە ئاگاداری ئەو هەوڵانەین و لەگەڵ دامەزراوەکانی خۆماندا لەسەر خەتین. هەر سەبارەت بەم کەیسە هایکۆماسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی: توێژەرەوەو زانایانی ئەڵمانی لەبواری گەشەپێدانی دەرمانی چارەسەری دژە ڤایرۆسیەکان و دەرمانەکان پێشڕەون بۆیە ڕێگەنادەین بە کەسان و هیچ لایەنێکی تر ئەنجامی ئەو توێژینەوە زانستیانەی زانایانی ئەڵمانی داگیرکەن! وتیشی: لەتواناماندایەو دەتوانین شکست بەو ڤایرۆسە بێنین نەک بەیەکتری!

هاوکات سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا "ئەرفین رودل" لە پێگەی خۆی لەسەر تیوتەر نوسیویەتی: ڕکابەری لەمکاتەدا پەیامێکی  هەڵەیە، جەختیشیکردەوە لەوەی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی گرنگەو مەسەلەکە تەنیا بەرژەوەندی نیشتیمانی نیە بەتەنیا چونکە ڤایرۆس لەسەر سنورەکان ناوەستێ بۆیە ناکرێ چارەسەریش تەنیا لە سنورێکی دیاریکراودا قۆرخبکرێت.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەکانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوەدا (كيورفاك)ی ئەڵمانی ڕەتیکردۆتەوە ئەوان سەرقاڵی داڕشتنی گرێبەستێکی لەوجۆرە بن لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی چارەسەری دژە کۆرۆنا تەنیا لەگەڵ ئەمریکا. لەمبارەیەوە "کریستۆف هتیش"ی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "مانهایمەر مورگن"ی ئەڵمانی  وتویەتی ئەمانەوێ  ئەو چارەسەرە بۆ هەموو دنیا بێت نەک بۆ وڵاتێکی دیاریکراو.

خاك - شیهاب عوسمان / ئەڵمانیا
س: ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ، دۆیچەڤیللـە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved