17/3/2020 01:22 PM

راگەیەنراوی هاوبەشی بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان سەبارەت بە قەیرانی زانیاری هەڵە!

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کێشەوگرفتێکی زۆی بۆ خەڵکی سەرانسەری جیهان دروست کردووە و یەکێک لەم کێشانه زانیاری هەڵەیە. لەم دواییانەدا کۆمەڵێک کۆمپانیا بۆ نموونه فەیسبووک، گووگڵ، لینکدین، تویتەر، یوتوب، مایکرۆسۆفت و رێدیت لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا باس لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زانیاری هەڵە ئەکەن و هەروەها داوایان لە کۆماپانیاکانی دیکە کردووە پەیوەست بن بەم ریزەوە.
لەچالاکییەکی ناوازەدا، گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا لەجیهان لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا، بڕیاریان داوە لەگەڵ ئەو زانیارییە هەڵانەی کە سەبارەت بە نەخۆشی کۆڤید-19 بڵاو ئەبنەوە، رووبەڕوو ببنەوە. ئەم راگەیەنراە بەم شێوەیەیە: "ئێمە لەبواری کۆڤید-19ـدا هاوکارییەکی نزیکمان هەیە. ئێمە بۆ پەیوەندی سەدان ملیۆن کەس هاوکاریی یەکتر ئەکەین و لەهەمان کاتدا بەشێوەی هاوبەش بەرەوڕووی پیلانگێڕی و زانیاریی هەڵە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەبینەوە. ئێمە هەوڵ ئەدەین لەپلاتفۆرمەکانی خۆماندا بابەتی بڕواپێکراو و زانیاری نوێ و بەکەڵک بڵاو بکەینەوە. داوا لە کۆمپانیاکانی دیکەش ئەکەین بێنە ناو ریزەکانی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ داتا و زانیاری هەڵە سەبارەت بە کۆرۆنا."
هەفتەی رابردوو، "مایکڵ کراتسۆس"ـی بەرپرسی باڵای بەشی تەکنەلۆژیای وڵاتی ئەمریکا، دانیشتنێکی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا رێک خست و سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو زانیارییە هەڵانەی لەم بوارەدا بڵاو ئەبنەوە قسه و گفتوگۆیان کرد. بەپێی راپۆرتی "واشینتۆن پۆست" و "پۆلیتیکۆ"، کۆشکی سپی داوای یارمەتی لە کۆمپانیاکانی گووگڵ، فەیسبووک، ئامازۆن، ئەپڵ، IBM، سیسکۆ، تویتەر و مایکرۆسۆفت کردووە.
ئەم کۆمپانیانە جگه لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو زانیارییە هەڵانەی کە خەڵک بەگشتی بڵاوی ئەکەنەوە، لەگەڵ زانیارییە هەڵەکانی "ترەمپ"ـیش رووبەڕوو ئەبنەوە، چونکە لەناو تویتەکانی سەرۆکی ئەمریکادا کۆمەڵێک زانیاری هەڵە سەبارەت بە کۆرۆنا دێتە بەرچاو.

 

سەرچاوە: techcrunch

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved