17/3/2020 03:41 PM

ئایا کەسی چاکبوو ئەگەری هەیە دووبارە تووشی کۆرۆنا بێتەوە؟

هەرچەندە ئەوترێت ئەو کەسانەی لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە ئەگەری دووبارە توشبوونەوەیان نییە چونکە جەستەیان بەرگری پەیدا ئەکات، بەڵام ئەمە ڕاست نییە  و کەسانێک هەبوون کە دووبارە توشبوونەتەوە.
پیاوێکی ژاپۆنی کە تەمەنی سەروو حەفتا ساڵە، یەکێک بووە لە سەرنشینەکانی کەشتی دایمۆند پرینسس و  لەڕێکەوتی 14ـی 2ـدا تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆکراوە و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ بووە هەر بۆیە خراوەتە ژێر چاودێری وردی پزیشکیەوە.
پاش وەرگرتنی چارەسەر لە 2ـی 3ـدا دەرکەوتووە کە چاکبۆتەوە و ڤایرۆسی کۆرۆنای تێپەڕاندووە، هەر بۆیە ڕەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە، بەڵام پاش 10 ڕۆژ لە گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دووبارە نیشانەکانی تێدا دەرکەوتۆتەوە و پلەی گەرمای جەستەی گەیشتۆتە 39 پلە، هەر بۆیە گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە و دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.
ئەمەش یەکەم کەیسی دووبارە توشبوونەوە نییە بە کۆرۆنا، بەو پێیەی لەڕێکەوتی 27ـی 2ـدا ژنێکی ژاپۆنی بۆ دووەمجار ئەنجامی پشکنینی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا پۆزەتیڤ دەرچووە، جگە لەوەی لە چینیش چەند حاڵەتێکی دووبارەبوونەوەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە.
هەر بۆیە پزیشکەکان هۆشیاری ئەدەن کە هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە توشی ڤایرۆسەکە نەبنەوە و پێویستە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەکانیان زیاتر خۆیان بپارێزن و تا ماوەیەک لە پارێزبەندی پزیشکیدا بن.

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved