21/3/2020 01:27 PM

دەزگای هەناسەدانی دەسکرد یان ڤێنتیلاتۆر چییە؟

لەگەڵ گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەڵک زیاتر سەرنجی کەرەسە پزیشکییەکان ئەدەن. یەکێک لەم کەرەسانه، دەزگای هەناسەدانی دەسکردە کە بۆ ئەو نەخۆشانەی لەدۆخێکی خراپدان زۆر زەروورە. ئەوەش وای کردووە ئاستی پێویستیی بەم دەزگایە بەرز بێتەوە. زۆرینەی کۆمپانیاکان سەرقاڵی دروستکردنی ئەم جۆرە دەزگایانەن بۆ ئەوەی پێداویستی نەخۆشخانەکان لەم بوارەدا دابین بکەن. لەدرێژدا هەوڵ ئەدەین زیاتر لەگەڵ ئەم دەزگا گرنگە ئاشنا بین.
دەزگای هەناسەدانی دەسکرد(Ventilator) کاتێک کەڵکی لێ وەردەگیرێت کە نەخۆشەکە نەتوانێ  بە ئاسانی هەناسە بدات و ئەم دەزگایە یارمەتی کۆئەندامی هەناسەدان ئەدات. هەناسەسواری یەکێک لە نیشانە باوەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کەوابوو تووشبووان پێویستیان بەم دەزگایە هەیە.
کێشەی هەناسەدان ئەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی ئاستی کاربۆن دی ئۆکسید کە ئەبێتە هۆی زیان بەرکەوتنی ئەندامە گەرنگەکانی جەستەی مرۆڤ، وەکو دڵ و میشک. دەزگای هەناسەدانی دەسکرد رێگری لە دروستبوونی ئەم دۆخە ئەکات و ئاستی گەیاندنی ئۆکسجین بە ئەندامەکانی لەش بەرز ئەکاتەوە.
بەپێی لێدوانەکانی "رێکخراوی دڵ، سی و خوێن"، دەزگای هەناسەدانی دەسکرد بۆ ئەو نەخۆشانەی وا هەناسەیان سوارە زۆر زەروورە. پێکهاتەی ئەم دەزگایە هەندێک ئاڵۆز و پێچەڵاوپێچە کە بریتییە لە تیۆبێکی هەناسەدان و کۆمەڵیک بۆری کە رەوانەی سییەکان کراون.
ئێستا تا رادەیەک گرینگی ئەم دەزگایەمان بۆ دەرکەوت. ئێمە ئەزانین کە کۆمەڵێک لە کەسەکان تووشی ئەم ڤایرۆسە ئەبن و ئاستی پێویستیان بەم دەزگایە بەرز ئەبێتەوە، بەڵام ئەوەش ئەزانین کە ژومارەی ئەم دەزگایانە لە نەخۆشخانەکاندا زۆر کەمن. هەر بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژومارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پزیشکان ناچارن بڕیاری زۆر سەخت بدەن.
یەکێک لەم رێگەکانی پێشگیری لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داخرانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، واتە کەرەنتینەی کۆمەڵایەتی. ئەم کارە ژمارەی دەزگاکانی هەناسەدانی دەسکرد زیاد ناکات، بەڵام ئەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی کەمتر لە تووشبووان پێویستیان بەم دەزگایە بێت. کەوابوو پابەندبوون بەم دروشمەی جیهانی پزیشکی حاشاهەڵنەگرە: "پێشگیری باشترە لە چارەسەر".

 

سەرچاوە: slashgear

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved