21/3/2020 02:27 PM

کیتی تاقیکاری بۆ کۆڤید-19 خەریکە دێتە ناو ماڵەکانەوە

قەیرانی کۆرۆنا هەر چەندە قووڵتر بێتەوە، پێویستە خەڵک زیاتر لەماڵەوە بمێننەوە. کەوابوو هەندێک لە بنکە زانستییەکان هەوڵیان داوە کیتی تاقیکاری بۆ کۆرۆنا رەوانەی ناو ماڵەکان بکەن. لەم نێوەندەدا دوو بنکەی Carbon Health و Nurx دەستبەکار بوون و کیتەکانی خۆیان رەوانەی بازاڕەکانی ئەمریکا کردووە. کیتی ئەم دوو بنەکەیە، بەپێی ستانداردەکانی پشکنینی کۆڤید-19 بەرهەمهاتوون.
بۆ ئەم مەبەستە کەسەکان نموونەی ئاوی دەمی خۆیان ئەخەنە ناو ئەم کیتانەوە و بۆ تاقیکاری رەوانەی یەکێک لە تاقیگە مۆڵەتپێدراوەکانی ئەکەن. ئەم تاقیکاریانە کە بەپێی تەکنیکی PCR ئەنجام ئەدرێت، بوون و نەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەی نەخۆشەکەدا دیاری ئەکات. بڕیارە ئەم دوو بنکەیە بۆ دڵنیایی زیاتر لە دروستبوونی تاقیکارییەکان کەڵک لە زانیاریی پسپۆڕان و پزیشکانی ئەمریکا وەربگرن.
بەڵام هەر ئەو جۆرەی چاوەڕوان ئەکرا، تاقیکارییەکانی هیچ کام لەم دوو بنکەیە بەلاش نین. Carbon Health بۆ هەر نموونە هەڵگرتنەوەیەک 167.5 دۆلار و بنکەی Nurx بۆ هەر نموونە هەڵگرتنەوەیەک 181 دۆلار وەردەگرن و زۆر کەس لایان وایە ئەبێ ئەم خەرجانه لەلایەن بیمەی تەندروستیی ئەمریکاوە دابین بکرێت.
بنکەی Nurx رایگەیاندووە کە لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوودا زیاتر لە 10هەزار کیت بۆ تاقیکاری کۆرۆنا ئامادە ئەکات و هیوادارە ئەم ژمارەیە لەداهاتوویەکی نزیکدا بگاتە 100هەزار دانه. بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی باڵای بنکەی Carbon Health رایگەیاندووە کە ئەتوانن تا دوو هەفتەی دیکە ئاماری بەرهەمهێنانی رۆژانەی خۆیان بگەیەننە 10هەزار دانه. ئاماری بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەم دوو بنکەیە لەئێستادا 50 دانەیە!
ئەگەرچی ئەم جۆرە تاقیکاری و نموونە هەڵگرتنەوەیە کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بەنیسبەت وەرگرتنی نموونەی خوێن و هەندێک لەشێوازەکانی دیکە ئاسانترە و چاوەڕوان ئەکرێ لەداهاتوودا شێوازی باشتر بۆ پشکنینی کۆرۆنا بێتە ئاراوە.

سەرچاوە: techcrunch

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved