21/3/2020 02:32 PM

تووشبوونی دوو سەگ بە کۆرۆنا!

رێک لەو کاتەدا کە خەریکی ناسینی ڤایرۆسی کۆرۆناین، دەرکەوتنی رەهەندە نوێیەکانی ئەم ڤایرۆسە دۆخەکە خراپتر و سامناکتر ئەکات. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی پاراستنی ئاژەڵانی هۆنگ کۆنگ، دووەمین سەگ لەم ولاتە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
ئەم سەگە تەمەن دوو ساڵە کە لە رەگەزی ژێرمەنە، دووەمین سەگی تووشبوو بەم ڤارۆسەیە و ماوەیەکە لەگەڵ ئەم نەخۆشییە لە زۆرانبازی دایە. ئەم سەگە لەلایەن حکومەتی هۆنگ کۆنگەوە کەرەنتینە کراوە و لەژێر چاودێری تایبەتدایە. ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەم سەگە تەنها سێ رۆژ پاش پۆزەتیڤ دەرچوونی تاقیکاری سەگێکی تەمەن 17 ساڵ کە رەگەزەکەی "پامرانین"ـە راگەیەندرا. جێی ئاماژەیە کە پامرانین پاش دەربازبوون لە کەرەنتینە گیانی خۆی لەدەستدا. هەر لەم بارەیەوە، ڤایرۆس ناسێکی زانکۆ هۆنگ کۆنگ گوتوویەتی: "پۆزەتیڤ دەرچوونی تاقیکاری کۆرۆنا بۆ دوو سەگ لە هۆنگ کۆنگ نیشانەی ئەوەیە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم نەخۆشییە لە مرۆڤەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵ.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هۆنگ کۆنگ ئەڵێ هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ بوونی نییە. بەم حاڵەوە ئەوان ژێرمەنە تەمەن دوو سالەکەیان کەرەنتینە کردووە و لەوێ دەرمان پێ ئەدەن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی بارودۆخی تەندروستییەکەی چاودێری بکەن.
لەکۆتاییدا پێویستە بگوترێ جگه لەم دوو سەگە، 4 پشیلەش کەرەنتینە کراون و بارودۆخیان روون نییە. سەرەڕای ئەم رووداوانە هیشتا ناکرێ پێشبینی ئەوە بکرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ یان لەنێوان ئاژەڵاندا ئەگوازرێتەوە یان نا. ئەگەر وڵامی ئەم پرسیارە ئەرێنی بێ، کۆمەڵگای جیهانی ئەڕواتە ناو قۆناغێکی نوێی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

 

سەرچاوە: nypost

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved