21/3/2020 03:01 PM

بەرپرسێکی ئێرانی: ئێران تا 10 رۆژی دیکە دەرمانی کۆڤید-19 رەوانەی بازاڕ ئەکات

سەرۆکی رێکخراوی خواردن و دەرمانی ئێران رایگەیاند "دەرمانی تێکەڵاویی ئێرانی" بۆ چارەسەرکردنی کۆڤید-19 هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکە رەوانەی بازاڕ ئەکرێت. "محەمەدرەزا شانەساز" ئەم هەواڵەی راگەیاند و گوتی: مەوادی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانە رۆژی رابردوو گەیشۆتە دەستمان. 
بە گوتەی "شانەساز" رەوتی بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانە ئێرانییە دەستی پێکردووە و لەرۆژانی داهاتوودا ئەم دەرمانه ئاراستەی تووشبووانی کۆرۆنا لەم وڵاتە ئەکرێت. ئەم بەرپرسە سەبارەت بە چۆنیەتی تێکڵاوبوونی ئەم دەرمانه، کۆمپانیای بەرهەمهێنەر و چۆنیەتی دابەشکردنی و هەروەها نرخەکەی هیچ زانیارییەکی نەخستۆتە روو. 
پەرەپێدان، تاقیکاری و بەرهەمهێنانی دەرمان، ئەویش بۆ نەخۆشییەکی نەناسراوی وەکو کۆڤید-19 پرۆسەیەکی دریژماوەیە. بەم حاڵەوە سەرۆکی رێکخراوی خواردن و دەرمانی ئێران هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە چۆنیەتی تاقیکاری و کاریگەریی ئەم دەرمانه تێکەڵاوە نەداوە و تەنها ئاماژەی بەوە کردووە کە "تاقیکارییە پێویستەکان بۆ ئەم دەرمانه ئەنجام دراوە و لایەنی پەیوەندیدار مۆڵەتی پێداوە."
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 21ـی 3) ژمارەی تووشبووان بە کۆڤید-19 لەم وڵاتە گەیشتۆتە 20610 کەس و تا ئێستا 1556 کەس گیانیان لەدەستداوە.

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved