23/3/2020 02:12 PM

هاوکاری ئەمازۆن، IBM، گووگڵ و مایکرۆسۆفت لەگەڵ کۆشکی سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ماوەیەک لەمەوبەر لەکۆنفڕانسێکی بەپەلە بۆ کۆرۆنا لە کۆشکی سپی، باسی دەسپێکی چالاکییەکانی کۆنسەرسیۆمێکی کرد بۆ سوود وەرگرتن لە هێز و توانای کۆمپیتەریی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا. ئەم کۆنسەرسیۆمە بریتییە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی وزەی ئەمریکا، کۆمپانیای IBM، گووگڵ، ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت و چەندین بنکەی توێژینەوەیی دیکە کە بە گوتەی ترەمپ بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵێک ئامانجی جۆراوجۆر خەریکی چالاکی و هاوکارین.
قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە شێوازی ئەم هاوکارییە هەندێک ناشەفاف بوو، هەر بۆیە کۆمپانیای IBM لە راگەینەدراوێکی جیاوازدا وردەکارییەکانی ئەم هاوکارییە هاوبەشەی خستۆتە روو. بە گوتەی IBM ئەوان بە ئاراستەکردنی هێزی کۆمپیتەری خۆیان بە چەندین تاقیگە و بنکەی توێژینەوەیی، خوازیاری بەرەوپێشچوونی خێرای لێکدانەوەکانن سەبارەت بە ئیپیدێمۆلۆژی، بایۆئینفۆرماتیک و مۆدێلسازی ملۆکۆلی.
توانای لێکدانەوەی کۆمپیتەرە زەبەلاحەکانی کۆمپانیای IBM یەکجار زۆرە و هەر ئەوەش ئەتوانێ تاوتوێکردن و لێکدانەوەی ئەنجامه ئاڵۆز و پێچەڵاپێچەکانی بنکە توێژینەوەییەکان کە لەحاڵەتی ئاساییدا لەوانەیە چەندین مانگی پێ پچێت، لەماوەی کەمتر لە دوو بۆ سێ رۆژدا ئامادە بکرێت. بەڵام لەپەنا IBMـەوە، ماکرۆسۆفتیش کۆمەڵێک رێکاری بۆ دەربازبوونی کار و کاسپییەکان لەم قەیرانە پێشنیار کردووە. گووگڵیش بەشێکی تایبەتی بۆ بەدواداچوونی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کۆرۆنا کردۆتەوە کە ئەتوانێ یارمەتی بەکارهێنەران بدات بۆ دۆزینەوەی بنکە تەندروستییەکان و پێشگیری لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە.
حکومەتی ئەمریکا هیوادارە کە بە هاوکاری ئەم کۆمپانیا زەبەلاحانەی بواری تەکنەلۆژیا بتوانێ کۆمەڵێک چالاکی کاریگەر و گرنگ بۆ رێگری و لەناوبردنی نەخۆشی کۆڤید-19 ئەنجام بدات.

 

سەرچاوە: techcrunch

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved