پاش پۆزەتیڤ دەرچوونی پشکنینی ڤایرۆسی هانتا بۆ یەکێک لە قوربانیانی وڵاتی چین، کۆمەڵێک دەنگۆ سەبارەت بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ لە سوشیاڵ میدیادا بڵاوبوونەتەوە. لەدرێژەدا هەوڵ ئەدەین زانیاری پێویست سەبارەت بەم ڤایرۆسە و جیاوازییەکانی لەگەڵ کۆرۆنا بخەینە روو. ڤایرۆسی هانتا ڤایرۆسێکی نوێ نییە و زۆر لەمەوبەر لەلایەن پسپۆڕانەوە ناسراوە. سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە پیسایی مشکە و کاتێک ئەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە ئەم پیساییە بە چەشنێک بێتە ناو چاوی کەسێکەوە. ئەم ڤایرۆسە گوازراوە نییە و لەمرۆڤەوە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و بەپێی زانیاری ئاماریی NHS، لە هەر 13 ملیۆن کەس ئەگەری تووشبوونی یەک کەس بە ڤایرۆسی هانتا هەیە و مەترسییەکەی زۆر کەمترە لە بەرکەوتنی هەورەبروسکە. بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە ئەبێ ئاگامان لە پاکوخاوێنی شوێنی ژیان و کارەکەمان بێت و ئەگەری بوونی مشک لەو شوێنانە بگەیەنینە سفر. نیشانەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە، کۆکەی وشک و ئێشی ماسولکەکان. ئەم نیشانانە زۆر هاوشێوەی نیشانەکانی کۆرۆنان. ئەم نیشانانه پاش دوو رۆژ لە تووشبووەکەدا دەردەکەون. لەکۆتاییدا ئەتوانین بڵێین بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە دەنگۆکان مەدەن سەبارت بە ڤایرۆسی هانتا، چونکە بە هیچ جۆرێک هاوشێوەی کۆرۆنا نییە. وڵاتی چین بەپێی ئەوەی لە سەبەتەی خواردنەکەیاندا هەموو جۆرە بوونەوەرێک بۆ نموونە مشکی تێدایە، ئەم حاڵەتە لەوێ تۆمار کراوە.
سەرچاوە: newsweek
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure