25/3/2020 07:46 PM

رێنمایی نوێی تەندروستی جیهانی بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا

بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە لەرێگەی بەركەوتنی پرژەی كۆكەو پژمینی كەسی توشبوو. 

رێكخراوی تەندروستی جیهانی رێنوێنی دەدات مرۆڤەكان یەك مەتر لە دووری یەكتر بوەستن بۆ خۆپارێزی، چونكە دەكرێت مرۆڤەكان لەرێگەی دەستلێدان لە كەسی توشبوو یاخود روویەكی توشبوو بەو ڤایرۆسە توشبن.

فەزیلە شایب وتەبێژی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند: چەند رێگایەكی خۆپارێزی هەیە كە یارمەتیدەرە بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە، ئەوانیش:

1- بەردەوام شوشتنی دەستەكان بە ئاو و سابون كە لە 20 چركە كەمتر نەبێت یان پاككردنەوەی دەستەكان بە ماددەی پاكژكەرەوە كە كهولی تێدا بێت.

2- پاككردنەوەی رووی كەلوپەلەكان بە بەردەوامی بە ماددەی پاكژكەرەوە وەك مێزی چێشتخانەو مێزی نوسینگەو كاركردن و دەسكی دەرگا.

3- دووركەوتنەوە لە هاتوچۆكردن و چوونە دەرەوە لە ماڵەوە ئەگەر كەسێك تا و كۆكەی هەبوو یاخود لەكاتی گەشتدا نەخۆش كەوتبێت و دەبێت لایەنی تەندروستی ئاگاداربكرێتەوە.

4- لەكاتی پژم و كۆكە دەست بە دەم و لوتتەوە بگیرێت یاخود كلێنس بەكاربهێنرێت و دواتر كلێنسەكە بۆ سەبەتەی خۆڵی سەرداپۆشرا فڕێبدرێت و دەست بشۆرێت.

5- دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ بەپێی تواناو گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی وەك بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش.

6- باشترە ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەرو شەست ساڵەوەیە لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، بەتایبەت ئەوانەی كێشەی تەندروستی و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

7- لەكاتێكدا مرۆڤ هەست بە تێكچوونی باری تەندروستی بكات پێویستە لە ماڵەوە بمێنێتەوەو پەیوەندی بكات بە پزیشكەوە.

8- ئەگەر كەسێك نەخۆش بوو باشترە بە تەنیا خواردن بخوات و بەجیا لە خێزانەكەی بخەوێت و كەلوپەلی جیا بەكاربهێنێت.

9- ئەگەر كەسێك هەناسەی توند بوو پێویستە دەستبەجێ تەلەفون بۆ پزیشك بكات و چاودێری تەندروستی وەربگرێت.

10-هەستكردن لەمكاتانەدا بە نیگەرانی ئاساییە بەتایبەت ئەگەر كەسێك لەناو وڵاتێك یاخود كۆمەڵگادایە بژی كە پەتای تێدا بڵاوبووبێتەوە، پێویستە بزانێت چی بكات بۆ پارێزگاری لە سەلامەتی خۆی لە شوێنی كارەكەی. 


خاك - راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved