26/3/2020 12:05 PM

کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ


سەلاح موحەمەدی
رەنگە ئەم وتەیە وتەیەکی زۆر گوتراو بێ کە هەم خۆم و هەمیش زۆرێک لە شاعیران و لایەنگرانی شیعر ئەڵێن شیعر رێگەیەکە بۆ دەرباز بوون لە رەنجەکانی مرۆڤ و دوور کەوتنەوەی لە واقیعی تاڵی ژیان؛ زاویە و خەتێکی ستاتیکی و هەستی‌ناسانەیە بۆ جۆش خواردنی دونیای شاعیر و خوێنەر لە رێگەی زمانی کار لە سەر کراو و دژە عورف و واقیعەوە. بێگومان بۆ ئەم رۆژانی نەهامەتی و پڕ لە ترس و نیگرانیە شیعر ئەتوانێ هۆکارێک بێ بۆ هێمن بوونەوە و جیا لەوەش هەلێک بێ بۆ ریکاڤێریی ئەو دونیا زەوت کراو و خنکێندراوانەی دەستی ژیانی پڕ لە قەرەباڵغی و سەرئێشەی رۆژانەیی کە خوازراو و نەخوازراو زاتی پێکەوەنەری دونیاکان و بەردەوام خەلقکردنەوەی جیهانە زەینیەکانی خستۆتە فەرامۆشییەوە.
کتێبی ” کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ” لە یەکەم چرکەی نووسینیەوە تا چاپ بوونی بە داخەوە تووشی زۆر تەئخیر و دواکەوتن و کێشە هات و سەرەڕای ئەوە زۆر دۆست و هاوڕێ یارمەتیدەرم بوون کە لە کۆتاییا گەیشتە ئەوەی ئێستا لە رێگەی ئەم ئاگادارییەوە هەوالی چاپ بوونی بە دۆستان و خوێنەران بدەم.
ئێستا کتێبی “کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ” لە ۷٦ شەش لاپەڕەدا لە لایەنی ناوەندی چاپ و بڵاو کردنەوەی خانی لە چاپ درا و ئامادەیە بگاتە دەستی خوێنەران. راستیەکەی پێم خۆش بوو لە کۆڕێکی شیاوا بە رێک و پێکی لە خزمەتی لانیکەم هەندێ لە خوێنەران و دۆستانا بم و راستەوخۆ پێشکەشیان بکەم ، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئەم قەیرانی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە و لە بەرچاو گرتنی تەندرووستی دۆستان و مەترسیی کۆبوونەوە چاو پۆشیم لەوە کرد و بۆ گەیاندنی کتێبەکە بە دەستی خوێنەران لە رێگەی کتێب فرۆشیەکان و هەروەها ناردن لە رێگەی پۆستەوە لە لایەنی ناوەندی خانی و خۆمەوە لە خزمەتتانا ئەبین.
زۆر سوپاس بۆ ئەو کەسانەی یارمەتییان دام. سوپاس بۆ ئەو هاوڕێیانە کە پەیگیری چاپ بوونی کتێبەکە بوون .
سەلاح موحەمەدی ۲۳/۳/۲۰۲۰ سنە ٭ هەزینەی پۆست کردن بۆ ئەو دۆستانە کە لە رێگەی پۆستەوە خوازیاری کتێبەکەن لە ئەستۆی شاعیر و ناوەندی بڵاوکردنەوەی خانیە.
سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved