26/3/2020 12:10 PM

زمانی کوردی لە ئاستانەی سەردەمێکی تازەدا




ناساندنی کتێبی ڕۆمانی «زمانی کوردی لە ئاستانەی سەردەمێکی تازەدا» نووسینی دوکتۆر فەرهاد شاکەلی
دوکتۆر فەرهاد شاکەلی
بەشی زۆری بابەتەکانی ناو ئەم کتێبە لەگەڵ لایەنێکی زمانناسیدا خەریک دەبن کە پێی دەگوترێ (نەخشەبۆدانانی زمان: Language planning) یا (سیاسەتی زمانەوانانی: Language Policy)، کە تێکەڵاوییکە لە بنەما زانستی و تیۆرییەکانی زمانناسی لەگەڵ بنەما و ڕێچکەکانی سیاسەت و ئیدیۆلۆگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت. بە پێچەوانەی زۆر لایەنی تیۆریی زمانناسییەوە کە بنەماکانی تا ڕادەیەکی زۆر نەگۆڕن، نەخشەبۆدانانی زمان بە پێی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان و سەردەمە جیاوازەکان دەگۆڕێت. لەم ڕووەوە ئەزموونی کۆمەڵگە و نەتەوەکانی جیھان نەخشێکی گرنگیان لە گەشەپێدان و دەوڵەمەندکردن و قووڵکردنەوەی ئەم بابەتەدا هەیە.
لە کوردستانی ئەمڕۆدا گرنگی و پێویستیی نەخشەکێشیی زمان ئەرکێکی نیشتمانیی هێندە بەپەلەیە کە دەبێ بخرێتە پێش زۆر لەو کێشە سیاسییانەوە کە ڕەنگە سیاسەتمەداران بە گەرم و ژیارییان دابنێن. کێشەی زمان لە کوردستاندا، لە پاڵ کۆمەڵێ سەختی و ئاڵۆزکاویدا کە لە کۆنەوە لەگەڵیدا هاتوون و گەورە و گەورەتر بوونەتەوە و ئێستا بوونەتە بەشێک لە سروشتی کێشەکە، چەند ئاستەنگ و گرێیەکی دیکەی تێکەڵ بوون کە دەستکردی ئەم سەردەمەن. هەندێکیان ناحەزانی کورد دروستیان دەکەن، بەڵام بەشێکیشیان ئەوانەن کە پەیدابوون و سەرھەڵدانیان تاوانی کورد خۆیەتی.
ساڵانێکی دوور و درێژە من لەگەڵ کێشەی زماندا دەژیم و لێی دەکۆڵمەوە. ئەو لایەنانەی کێشەکە کە پێبەستی ڕێنووس و ڕێزمانن، هەوڵم داوە لەبەر ڕووناکیی تیۆرییەکانی زمانناسیدا و بە پێی ئەزموونی تایبەتی خۆم لە بواری نووسین و وەرگێڕان و فێرکردندا چارەسەریان بۆ پێشنیاز بکەم. خۆشبەختانە لەو ڕووەوە کۆمەڵی ئەنجام وە دەست هاتوون کە ڕەنگە بۆ بتەوکردنی زمانی کوردی کارکردنی خۆیان هەبێت. لە بوارێکی دیکەدا، کە پێوەندیی بە زمانی ستاندارد و زمانی ڕەسمییەوە هەیە، بە دوو ڕێگا بۆی ڕۆیشتووم، یەکەم: بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانم و ئەو ئەنجامگرییانەی بە هۆی لێکۆڵینەوەی زانستییەوە پێیان گەیشتووم لە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب و و لە دیداری ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆندا؛ دووەمیش: ڕووکردنە بڕیاربەدەستانی کوردستان بە هیوای ئەوی لە کرۆکی کێشەکە بگەن و بتوانن بڕیاری ڕاست بدەن.
یەکێک لە کێشە گەورەکانی من، وەک نووسەرێک و زمانزانێک، لەگەڵ ڕۆژنامە و چاپەمەنیی کوردیدا کێشەی زمان و ڕێنووسە. گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستان ئەو باسەیان زۆر بە سادەیی وەرگرتووە و لەوە نەگەیشتوون چ ئەرکێکی گەورە و خەتەرناکیان لەسەرە.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی چاپەمەنییەکدا، ژمارەی تاوانەکانیش بەرانبەر ڕێزمان، ڕێنووس، ئێستێتیکی وشە و شێواز، ڕەوانبێژی و هۆنەرکاری، بە کورتی بەرانبەر هەموو لایەنە جوان و بەرزەکانی زمانی کوردی، خێراتر دەچێتە سەرێ. دوو بابەتی ئەم کتێبە وەرامدانەوەی دوو حەفتەنامەیە.
بابەتی «زمان لە پەنجەرەی ئێستێتیکەوە» هەوڵدانێکە بۆ تەماشاکردنی وشەی کوردی لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە. پێشتریش لە وتاری «بە جامی ئەوینێک، گیان مەستە و تەن وێران»دا ئەم باسەم بە شێوەیەکی سەرەتایی ورووژاندبوو. لەم بوارەدا دەبێ کاری قوولتر و زانستانەتر پێشکەش بکرێت. لە زمانی کوردیدا لەم ڕوووەوە شتێکی ئەوتۆمان نییە.
لە «زمانی پاشا و زمانی ڕەعییەت»دا هەندێ لایەنی سێمانتیکی و فۆنۆلۆگیی دیالێکتی سلێمانیی زمانی کوردیم لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا خوێندووەتەوە. ئەو ماتەریاڵەی بە هاوکاریی نێوان ئەحمەد پاشای بابان و خۆدزکۆی ڕۆژهەڵاتناس بەرهەم هێنراوە، سوودێکی زۆری هەبوو بۆ تێگەیشتن لە ڕەگوڕیشەی ئەو بەشەی زمانی کوردی و شێوەی گەشەکردنی لە ماوەی سەدوپەنجا ساڵی ڕابردوودا. لەو بوارەیشدا پێویستمان بە توێژینەوەی زیاتر و جیددیترە.
سەرچاوە:  ماڵی کتێبی کوردی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved