31/3/2020 12:41 PM

کۆرۆنا و بیرمەندان

لەگەڵ بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرانسەری جیهاندا، بەشێک لە گەورە بیرمەندانی جیهان دەستیان برد بۆ پێنووس و بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بەم قەیرانە دەربڕی. سڵاڤی ژیژەک وەک چاوەڕوان دەکرا لە یەکەم کەسەکان بوو کە هەڵوێستی خۆی بەنیسبەت ئەم بارودۆخە دەربڕی. ژیژەک دەڵێ کۆرۆنا بە شێوەیەک لە شێوەکان خەریکە "سیستەمی کۆمۆنیزم" پێک دەهێنێت و لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی وتەکانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران واتە "ئیرەج حەریرچی"، ئەویش لای وایە هەڵسوکەوتی کۆرۆنا زۆر دیموکراتیکە و هەژار و دەوڵەمەند و خەڵکی ئاسایی و بەرپرسان ناناسێت و هەر کەس بێتە بەر دەستی گیرۆدەی ئەکات.
لەدرێژەی ئەم هەڵوێست گرتنانەدا، فەیلەسووف و بیرمەندی گەورەی ئیتاڵی واتە "جۆرجۆ ئاگامبێن" لە یادداشتێکدا کە لە گۆڤاری مانیفیستدا بڵاوبووەوە دۆخی کۆرۆنایی بەشێوەیەکی دیکە وێنا دەکا. ئاگامبێن دەڵێ کۆرۆنا بۆتە هۆی ئەوەی حکومەتەکان "دۆخی ئاوارتە" رابگەیەنێن و لە دۆخی ئاوارتەشدا حکومەت رێگەی پێدەدرێ هەموو جۆرە گوشارێک بخاتە سەر هاووڵاتیان، بە بەهانەی پاراستنی گیانیانەوە. ئاگامبێن لەدرێژەی یادداشتەکەیدا دەڵێ: وادیارە تیرۆریزم نەیتوانیوە بازاڕی فرۆش بۆ سەرمایەداری دابین بکات هەر بۆیە روویان لە قەیرانێکی بایۆلۆژیک کردووە بۆ ئەوەی تین و گوڕ بێتەوە ناو دەمارەکانی بازاڕی ئازاد.
ئەگەرچی ئەم لێداوانانە لەهەندێک بوارەوە بەڕاستی جێی سەرنجن و زۆر قووڵ بە ناخی کێشەکاندا رۆچوون، بەڵام بە بۆچوونی زۆر کەس بڕیاردان سەبارەت بە داهاتووی کۆرۆنا و ئەوەی کە پێش رووداوەکان بکەویت، هەندێک جار جگە لە سەرلێشێوان و سترێسی زیاتر هیچی لێناکەوێتەوە. بەڵام رەشبینی بیرمەدان بەنیسبەت حکومەتەکان هێندە زۆرە کە زۆر جێی سەرسوڕمان نییە ئەگەر بۆچوونێکی لەم چەشنەیان هەبێت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved