1/4/2020 02:14 PM

بۆچی ژانری کورتەچیرۆک لە رۆژهەڵاتی کوردستان زووتر لە رۆمان دەستی پێکرد؟

هەر وەک دەزانین لەباری زەمەنییەوە ژانری رۆمان زۆر لە ژانری چیرۆک و کورتەچیرۆک کۆنترە. لەڕاستیدا کورتەچیرۆک بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنن و بە لق ق پۆپەکانی رۆمان وەک ژانرێکی گێڕانەوەیی پان و بەرین دێنە ئەژمار. لەوانەیە بارودۆخی دەورانی مۆدێرن و لایف ستایلی مرۆڤی سەردەم ئیزنی گێڕانەوەیەکی ئاوەها دوور و درێژ نەدا و هەر بۆیە بەناچاریش بێت ئەم ژانرە کورتانە لەدایکبوون بۆ ئەوەی رەوتی ئەدەبیی گێڕانەوەیی درێژەی هەبێ و لەگۆ نەچێت.
بەڵام ئەم مێژووە لە کورستان پێچەوانەی رەوتە جیهانییەکەیەتی. لە کوردستانی ئێران سەرەتا کورتەچیرۆک دەنووسرێ و پاشان وردە وردە رۆمانیش دێتە ناو هەگبەی ئەدەبی کوردییەوە لەم بەشەی کوردستان. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە سەر گوشار و ترس و تۆقینێک کە هەمیشە بەرەورووی نووسەران و رۆشنبیرانی ئەم سەردەمی دەکراوە، واتە کۆتاییەکانی دەیەی 30، ئەو کاتەی کە مامۆستا حەسەن قزڵجی یەکەم ئەزموونەکانی خۆی لەبواری چیرۆکنووسیندا دەست پێکرد و دواجار کتێبی "پێکەنینی گەدا"ـی لێکەوتەوە.
هۆکاری دووهەم ئەوە بوو کە کەڵکەڵەی سەرەکی نووسەران و رۆشنبیرانی ئەو کات ئەوە بوو کە کۆمەڵگا فێری خوێندەواری بکەن و بەشێک لەو کارەیان لەرێگای چیرۆک و گێڕانەوەوە ئەنجام دەدا. هەر بۆیە لەدۆخێکی ئاوەهادا کە بەردەنگان کۆمەڵێک کەسی نەخوێندەوارن ژانرێکی وەکو رۆمان نەک ناتوانێ ئەو مەبەستانە بپێکێت، بەڵکوو لەوانەیە کاردانەوەی خراپیشی هەبێت و خەڵک لە خوێندەواری تەرە بن. هەر بۆیە نووسەران لەسەرەتاوە هەوڵیان داوە بە نووسینی چیرۆکی کورت هەم کای ئەدەبیان کردبێت و هەم ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان راپەراندبێت.
لەدوای ئەم ئەزموونانه و لەساڵەکانی داهاتوودا ئێمە چاومان بە چەندین رۆمان ئەکەوێت. بۆ نموونە رۆمانی "پێشمەرگە" لەنووسینی حەسەن قازی، رۆمانەکانی "هاوارە بەرە و میرزا" لەنووسینی فەتاح ئەمیری. ئەم رەوتە هەروا بەردەوامە و ئێستا لە شارێکی وەکو بۆکان چەندین رۆماننووس بە بەردەوامی خەریکی چالاکین.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved