2/4/2020 02:27 PM

ناساندنی نووسەران-فاتێح شێخەلئیسلامی(چاوە)

فاتێح شێخەلئیسلامی ناسراو بە چاوە یەکێک لە شاعیرانی پێشەنگی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لەگەڵ عەلی حەسەنیانی(هاوار) و سوارە ئێلخانیزادە بە سێ کوچکەی نوێبوونەوەی شیعر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دێنە ئەژمار. چاوە لەدایکبووی مەریوانە و لە دەیەی ٦٠ـدا بە مەبەستی خوێندن دەچێتە تاران. لەوێ لەگەڵ خوێندکاران و چالاکی کورد ئاشنا دەبێت و دەست دەکات بە نووسینی شیعر. پاش ماوەیەک چاوە و هاوار و سوارە ئەڵقەیەک پێک دەهێنن و بەشێوەی جددی سەرقاڵی نووسین و چالاکیی رۆشنبیری دەبن. عەلی حەسەنیانی لە پێشەکی کۆمەڵە شێعری "گوناه"ـدا دەڵێ یەکەم شیعری نوێی رۆژهەڵاتی کوردستان من نووسیم و لەدوای من چاوە دووهەم کەس بوو. دواتر سوارە بە نووسینی شیعری بەناوبانگی "شار" سێهەم کەس بوو کە لەم بەشەی کورستان شیعری نوێی نووسی.
ئەم ئەڵقە رۆشنبیرییە پاش ماوەیەک لەیەک دادەبڕێن و لەڕاستیدا سێ چارەنووسی جیاوازیان دەبێ. هاوار و چاوە بەچڕی دەڕۆنە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە، بەڵام سوارە گۆڕەپانی فەرهەنگ و ئەدەب جێناهێڵێت و تا ئەو کاتەی جوانەمەرگ دەبێ خۆی بە نووسین و هەروەها کار لە رادیۆی کوردی تاران سەرقاڵ دەکا و دەقی زۆر ناوازە بەرهەم دەهێنێت.
چاوە ئەگەرچی زۆر زوو واز لە ئەدەبیات دەهێنێت، بەڵام هەر لەو ماوە کورتەدا نیشان دەدا کە شاعیرێکی لێهاتووە و ئەمەشی بە نووسینی چەندین شیعر سەلماندووە. لەناو ئەم شیعرانەدا شێعری "شەوە" یەکێک لە باشترین ئەزموونە نوێیەکانی بواری شیعرە لە دەیەی چل و پەنجادا. ئەم شیعرە خاوەنی فۆرم و پێکهاتە و هەروەها ناوەرۆکێکی نوێیە. کۆی شیعرەکانی ئەم شاعیرە لەلایەن "عەزیز ناسری"، شاعیر و نووسەری رۆژهەڵاتییەوە کۆکراوەتەوە و بڕیارە لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاو بکرێتەوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved