3/4/2020 10:18 PM

٥١٠ وشە

بەختیار حەمەسوور
ئەمڕۆ، سەرلەنوێ و جارێکی تر، تاقانە کۆمەڵەچیرۆکەکەی هاوڕێی ئازیزم کاک دانا فایەقم خوێندەوە؛ «حیکایەتی ڕەشپۆشەکان»، ئەم کتێبە پێکهاتووە لە نۆ چیرۆک، چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ بوو و چەندساڵێک دواتریش، چاپی دووەمی کرایەوە. کتێبەکە پێشوازی زۆری لێ کرا و چەند لێکۆڵینەوەش لە ستایش و باشیدا، نووسران، تەنانەت بەختیار عەلی، لە نامەیەکی خسووسیدا، کە دواتر لە پاشکۆی ئەدەبی ڕەخنەی چاودێردا بڵاو کرایەوە، پەسنێکی زۆری کۆمەڵەچیرۆکەکەی کرد. بیرمە ئەوکات، لە یەکێک لە ئێوارەکانی هەمان ساڵدا، ساڵی ٢٠٠٨، وەک پیشەی هەمیشەییم، کە دەچووم بۆ بازاڕ، سەرێکم لە کتێبخانەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی، لە شەقامی پیرەمێرد، دا، وەک هەر جارێکی تر، کاک حەسەن هەڵەبجەیی بە ڕوویەکی خۆشەوە بەخێرهاتنی کردم، ئەگەرچی ئێستایش ناوەکەم نازانێت و هەر بە «فەرهاد» بانگم دەکات، بەڵام ئەوکاتیش دەیزانی چەند عاشقی کتێب و خوێندمەوەم، هەر کتێبێکی تازەی بۆ دەهات، بەوردی و بە زمانە تایبەتەکەی خۆی، بۆی باس دەکردم و پێشنیاری بۆ دەکردم بیخوێنمەوە. پێم وایە هەر ئەو ڕۆژە، یان ڕۆژێک پێشووتر، ئەم کۆمەڵەچیرۆکەی بۆ هاتبوو، گوتی: «فەرهادگیان، ئەم چیرۆکانە زۆر جوانن، کوڕێکی گەنج نووسیونی، زۆر بەتوانایە، تەسەور ناکەیت چەند ترسناک و سەیرن، بیبە و بیخوێنەوە، هەرزانە، بایی هەزار دینارە، پارەی لفەیەکە.» کڕیم و هەر ئەوشەوە خوێندمەوە. دیارە لە ماوەی ئەم دوازدە ساڵەدا چەند جاری تر گەڕاومەتەوە سەر ئەم چیرۆکانە و خوێندوومنەتەوە، لێرەدا مەبەستم نییە بپەرژێمە سەر چیرۆکەکان و بە چاوی ئەمڕۆم بۆ چیرۆک، لە بارەیانەوە بنووسم، هەرچەند ئەمە کارێکی قورس نییە و دەکرێت، بەڵام پێم باشە نەیکەم، چونکە لە کاتی خۆیدا سەرنجەکانم لەگەڵ چەند برادەر بەوردی تاوتووێ کردووە و دواتریش لەگەڵ کاک دانادا، لە بارەی کتێبەکەیەوە، قسەمان کردووە و سەرنجی خۆمم پێ گوتووە. ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە، ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، بە ئێستایشەوە، قابیلی لەسەروەستان و خوێندنەوەیە، نووسەرەکەی بە شارەزایی و ئاگاییەکی باشەوە نووسیونی، چیرۆکەکان هێجگار کورتن و لەوپەڕی چڕی و گوشراویدا نووسراون، دەتوانرێت لە کاتێکی کەمدا بخوێنرێنەوە و چێژبەخشیش بن.

نزیکەی دە ساڵێک دەبێت لەگەڵ کاک دانا هاوڕێین، هەڵبەت هەمیشە مەودا و دامەنێک لە نێوانماندا هەبووە، کە دەتوانم ناوی لێ بنێم ڕێز و خۆشەویستی، لە زۆر کات و شوێنی جیاوازدا پێکەوە دانیشتووین، لە زۆر مەسەلەی ئەدەبی دواوین، هەندێک جیاوازی هەبووە لە نێوانمان و ئێستایش هەر هەیە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ڕێزمان لە بۆچوون و کاری یەکتر نەگرتبێت، هەرگیز. زۆربەی جار لەو کتێبانە دواوین کە تایبەت بوون بە چیرۆک، ئەو خوێندوونی، یان من خوێندوومن، پێشنیاری بۆ کردووم، پێشنیارم بۆ کردووە. دەزانم کاک دانا عاشقی چیرۆک و ئەو دنیایەیە، تەنانەت بێئەوەی کەس پێم بڵێت، دەزانم وەک کارمەندێک لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ڕۆڵی زۆری هەبووە و هەیە لە چاپبوونی ئەو کۆمەڵەچیرۆکانەی لە شێوەی کتێبدا، لەو دەزگایەوە بڵاو بوونەتەوە، بەڵام وەک نووسین و دەق، ساڵانێکە بێدەنگە و هیچ بەرهەمێکی نییە. دوای کۆمەڵەچیرۆکی «حیکایەتی ڕەشپۆشەکان»، لە پاشکۆی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا، کاک دانا دوو چیرۆکی بڵاو کردەوە، بەڵام هەر ئەوە بوو و تەواو، ڕەنگە بەشێکی ئەم بێدەنگییە لە کەمتەرخەمییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەشێکیشی لە نائومێدبوون لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکە و بەشێکی تریشی تایبەت بێت بە خودی خۆی و هەست بکات ناتوانێت ئەزموونی پێشووی تێپەڕێنێت و لەوە زیادتر پێشکەش بکات، بەتایبەت چیرۆکێکی جیاواز و تایبەت بە هەموو واتایەک، نازانم، بەڵام حەز دەکەم و پڕهیوام، بۆ هاوڕێ و نووسەرێکی وەک کاک دانا، کە بەو سەرەتا باشە هاتووتە ناو دنیای چیرۆکی کوردییەوە، درێژە بە نووسین بدات و بەردەوام بێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved