3/4/2020 10:51 PM

تارمایی دڵشاد مەریوانی لە کۆچیرۆکی حیکایەتەکانی بەفر

بەختیارحەمەسوور
با سەرەتا ئەم بڕگەیە لە گفتۆگۆیەکی حەمەکاکەڕەش لەگەڵ شیرین. ك بخوێنینەوە: «کاریگەریی دڵشاد لەسەر ژیانی من وەکوو مرۆڤێک و شاعیرێکیش، هێند قووڵە تا ئەو ڕادەیەی کە بە ژیانی خۆمدا دەچمەوە، سێ قۆناغ دەبینم، منی پێش ناسینی دڵشاد، منی دوای ناسینی دڵشاد، منی دوای نەمانی دڵشاد. لە تەمەنی بیست ساڵیدا دڵشادی مامۆستام ناسی، کە ڕیشەییترین گۆڕانی لە ژیانی مندا دروست کرد، منی بە دنیای جەنجاڵیی و هەراوهوریای ئەدەب ناساند، ئەو دنیایەی زۆرجار خۆزگەم خواستووە هەر نەمناسیایە و زۆرجاریش بە چەندساڵ خۆم لێ دزیوەتەوە. دڵشاد منی نووسەری کەشف کرد، ئاخر من لە تەمەنی سیازدە ساڵییەوە دەمنووسی، بەڵام بۆ چرکەیەکیش نەهاتبوو بە خەیاڵمدا ببم بە نووسەر، یان نووسینەکانم بڵاو بکەمەوە، ئەو لای خۆیەوە بڕیاری دا و منیش بە قسەم کرد. من پێش ئەوەی بچمە بەشی کوردیی، زمانی کوردییەکەم باش نەبوو، چونکە ناوەندی و دواناوەندیم بە عەرەبی خوێندبوو، هەموو خوێندنەوەکانیشم هەر بە عەرەبی بوون، بە دەگمەن شتی کوردیم دەخویندەوە، لە شاعیرانی کوردیش بەرهەمی چەند شاعیرێکم خوێندبووەوە، تەنانەت هەرگیز ناوی دڵشادم نەبیستبوو، نەمدەزانی کە شاعیرێک هەیە بەو ناوەوە، ئەو بە ئەدیب و ئەدەبیاتی کوردیی ناساندم، جگە لە خوێندنی ئەکادیمیانەم بۆ باشتر فێربوونی زمانەکەم، دڵشاد کە زمانی کوردییەکەی زۆر پاراو بوو، لەوەوە وەک مامۆستایەک زۆر شت فێربووم. ئەو گەلێک شاد بوو بەوەی کە چیرۆک دەنووسم نەک شیعر.»
«حیکایەتەکانی بەفر» ناوی کۆمەڵەچیرۆکێکی شیرین. ك‌ـە، ساڵی ٢٠٠٢ وەزارەتی ڕۆشنبیری سلێمانی چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، پێکهاتووە لە ٢٧ چیرۆک، لە کۆی ئەم ٢٧ چیرۆکە، لە ٢١ چیرۆکیاندا تارمایی دڵشاد مەریوانی دێت و دەچێت. لە سەرجەم ئەو چیرۆکانەدا گێڕەرەوە ژنێکی تەنیایە و لە بەردەم پەنجەرەدا وەستاوە و چاوەڕوانە، ئەم ژنە مێردەکەی لێ دزراوە، مێردەکەی لێ ونبووە، مێردەکەی کوژراوە، بەڵام دەستبەردار نابێت، بە هاڵاوی یادەکانی ڕابردوو لەگەڵ مێردەکەیدا لە پەیوەندی عەشقێنیدایە و دەژی، جەستەی سارد و ژووری سارد و ڕۆحی ساردی گەرم دەکاتەوە و چاوەڕێی گەڕانەوەی پیاوەکەیەتی. ئەم پیاوە دزراو، ونبوو، کوژراوە کەسێک نییە جگە لە دڵشاد مەریوانی. لە هەمان گفتوگۆی حەمەکاکەڕەش لەگەڵیدا، شیرین. ك دەڵێت: «دڵشاد ئەو قەدەرە بوو کە نامەوێت لێی ڕاکەم.» ئاماژە و دەربڕینەکان لەم چیرۆکانەدا ئاشکرا و ڕوونن، بە تایبەت ئەگەر خوێنەر لە ڕێی کۆمەڵێک نووسین و دیکۆمێنتەرییەوە ئاگاداری ژیانی دڵشاد مەریوانی و پەیوەندیی خۆشەویستی و هاوسەرگیری لەگەڵ شیرین. ك‌ـدا بێت. دڵشاد محەمەدئەمین(دڵشاد مەریوانی) (٢٨ـی ٣ـی ١٩٤٧ – ١٣ـی ٣ـی ١٩٨٩) یەکێک لەو نووسەرە پڕکار و هەمەجۆرکارەی دنیای نووسینی ئێمەیە لە سێ دەیەی شەست، حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیستدا، دڵشاد، کە زیادتر وەک شاعیر ناسراوە، هاوکات وەک چیرۆکنووس، ڕەخنەگر، فۆلکلۆریست، درامانووس، ئەکتەر، زمانزان، سیاسی و... کاری کردووە و لە هەریەک لەو بوارانەدا جێدەستی دیارە و کارە جێماوەکانی باشترین شایەتن، دەتوانین بڵێین: لە هەر پەنجەیەکی دڵشاد هونەرێک لەدایک بووە. مەرگی دڵشاد مەرگێکی تراژیکە، شەوێک لە شەوانی ساڵی ١٩٨٩ پیاوانی ڕژێمی بەعس دەیگرن و لە ١٣ـی ٣ـی هەمان ساڵدا بۆ هەمیشە ونی دەکەن، بە ئێستایشەوە گۆڕێکی نییە بە کێلێک و ناوێک.
دیارە لێرەدا ناکرێت هەر ٢١ چیرۆکەکەی ناو ئەم کتێبە شی بکەینەوە و تارمایی دڵشاد مەریوانی تێدا دەربخەین، تەنیا سێ چیرۆک وەردەگرین، خوێنەر خۆی دەتوانێت کۆمەڵەچیرۆکەکە بخوێنێتەوە و بگات بە وەها ئەنجامێک.
*
چیرۆکی یەکەم
ئەو چیرۆکەیە کە بووە بە ناونیشان بۆ کۆمەڵەچیرۆکەکەیش، واتە چیرۆکی «حیکایەتەکانی بەفر»، ئەم چیرۆکە لە سێ بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا، گێڕەرەوە کچێکی منداڵە، ڕۆژێکی بەفراوییە، پشیلەیەک لە بەردەم پەنجەرەکەی ماڵەکەیاندا دەمیاوێنێت، سۆزی بۆی دەجووڵێ، پلێک گۆشتی بۆ دەبا و لە حەوشەدا دەکەوێت، مەچەکی لەجێ دەچێ. لە بەشی دووەمدا کات و شوێن دەگۆڕێن، کچەکە گەورە بووە و شووی کردووە، لە ماڵی خۆیایەتی، دیمەن هەمان دیمەنە: «بەفر پرووشەی دەکرد... کزەباکە و دەستی پێکەوە خۆیان لە لاملم هەڵدەسوو.
- خواحافیز.
دەرگاکەم داخستەوە، لە پەنجەرەکەوە چاوم لێ بوو چەترەکەی منی هەڵکردبوو... نازانم بۆ؟ دیارە لێی تێکچووبوو... بەپەلە بوو بگاتە ئەو شوێنەی هەموو ئێوارەیەک خۆی تیا ون دەکرد و ئازاری نوێی بۆ من دەدۆزییەوە، گەیشتبووە ناوەڕاستی حەوشەکە چ گوێی لە من نەبوو.
- خوات لەگەڵ... توخوا ئەمشەو زوو وەرەوە.
کە لەپشت پەنجەرە هەڵماوییەکەوە وام چرپاند و بە پەنجەی شایەتمان دڵێک و دوان و سیان و چواریشم کێشا و تیرێک هەر چواریانی بڕی، هەر گەیشتە دەرگای حەوشەکە و ئاوڕێکی لێ دامەوە، زەردەخەنەیەک و دەستێکی سڵاوی بەرز کردەوە، دەرگاکەی داخستەوە و کەچی نەمتوانی وەڵامی سڵاو و زەردەخەنەکەی بدەمەوە، چونکە لێوم هەڵقورتاندبوو.»
لێرەدا خوێنەر دەگێڕمەوە بۆ ناو واقیع و بڕگەیەکی تر لە هەمان گفتوگۆی حەمەکاکەڕەش لەگەڵ شیرین. ك‌ـی بۆ دەنووسمەوە: «زانیم ڕۆژێک لە پڕێکدا ون دەبێت، ڕۆژێک لە ماڵ دەردەچێت و ئیتر هەرگیز ناگەڕێتەوە، نیوەشەوێک بەرەبەیانێک دەیبەن و ناگەڕێتەوە، ئەو هەمیشە گەمەی بە ژیانی خۆیەوە دەکرد، بە شێوازێکی ئینتحاریی دەژیا، هەرچەندە زۆر ژیاندۆست بوو، زۆر جوانپەرست بوو، بەڵام هەمیشە لەسەر ئەو هێڵە باریکەی نێوان ژیان و مەرگدا دەژیا. ئەو ئێوارە زستانەیەی کە بەفر دەباری و لە ماڵ دەرچوو، لەناو دەرگای حەوشەکەدا بای بای بۆ کردم، دڵم ختوورەیەکی نەکرد، بەڵام پەست بووم لەوەی بەم بەفر و سەرمایەش دەچێتە دەرێ، وامزانی وەک هەموو شەوەکانی تر دوای خۆمەستکردن لەگەڵ ئەو ئەدیبانەی هاوڕێیدا کە چەندین ساڵ بوو ئەستێرەیان نەدیبوو، دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە، شەو داهات و بەفر هەر دەباری و دەباری و ئەویش هەر نەگەڕایەوە.»
لە بەشی سێیەمی هەمان چیرۆکدا، ژنەکە لە بەردەم پەنجەرەکەدا چاوەڕوانە و تەنیایە، دیمەیش هەمان دیمەن و بەفر دەبارێ.
*
چیرۆکی دووەم
لە چیرۆکی «تەنە سپییەکە»ـدا، ژنێکی عاشق دەبینین، عاشق بە چاوانی مێردەکەی، تەنانەت پێشی ناخۆشە چاویلکەی کردووەتە چاو و چاوە جوانەکانی لەودیو شووشەیەکی خڕەوەن: «حەیفە ئەو چاوە جوانانە کز بن و لەپشت شووشەی چاویلکەوە بەند بکرێن!» ناکاو خاوەنی ئەم دوو چاوە جوانە دەگیرێت، بێسەروشوێن دەکرێت: «لە ژیانیا ئاسایی نەبوو... لە مەرگیشیا ئاسایی نەبوو... سیحری مەرگەکەی لەوەدایە، نابێ وەکوو کەسە ئاساییەکان گۆڕی هەبێ، نابێ، نەء.» کامێرای گێڕانەوە دەچێتە شوێنێکی تەنگ، ساتێکی ترسناک وێنە دەگرێت؛ خاوەنی چاوە جوانەکان، مێردی ژنەی گێڕەرەوە، لە بەردەم جەللادێکدا ڕاگیراوە و بڕیارە گوللەباران بکرێت، جەللادەکە دەیەوێت بە پەڕۆیەکی پیسی چڵکن چاوە جوانەکانی ببەستێتەوە، ئەم خۆی ڕادەپسکێنێ و نایەڵێ، جەللادەکە لێی دەگەڕێت: «دەمویست چاوم لە هەموو شتێک بێت، دواحەزم ئەوە بوو چاوانم دواپارچەی جەستەم بن کە دەکوژێنەوە.» کۆتایی چیرۆکەکە؛ ژنەکە لە هەموو جەژنێکی نەورۆزدا چەپکێ نێرگز و لە هەموو کریسمسێکدا مۆمێکی سەوز و لە جەژنی ڤالانتاینیشدا گوڵێکی سوور لە بەردەم وێنە گەورەکەی مێردەکەیدا دادەنێت. ژنەکە لە بەردەم پەنجەرەدا وەستاوە و چاوەڕوانە.
*
چیرۆکی سێیەم
چیرۆکی «لە ئاوێنەکاندا چاوەڕوانتم» بەم ڕستەیە دەست پێدەکات: «دەرگای تاکێکی کانتۆرەکە ڕادەکێشم، هەر شەش دەرگاکە پێکەوە ئاوەڵا دەبن، هەموو عەلاگە و ڕەففەکانی پڕن لە جلوبەرگی ڕەش، هەر جلێک بە دەستمەوە دێ دەیخەمە باوەڵەکەوە.» باوەڵ سەر بە زەمەنی ڕابردووە، هیی مانگی هەنگوینی. جلە ڕەشەکان ئاماژەن بۆ کۆستێک، لەدەستدانێک، کۆست و لەدەستدانی پیاو. ژنەکە لەگەڵ جلەکان و خۆیدا، لە مۆنۆلۆگێکی بەردەوامدایە، ڕابردوو توێ توێ و پەڕە پەڕە هەڵدەداتەوە، یادگارەکان دەپشکنێ، لە هەموویاندا بۆ مێردەکەی دەگەڕێت؛ نییە. ژنەکە دەیەوێ لەم جێیە هەڵبێت، لەم ماڵە، لە بیرەوەرییەکانی، هەموو شتێک دەخاتە باوەڵەکەوە. زەنگی تەلەفۆنێک دەبیستێت، هەڵیدەگرێت، دەنگێکی بەئاستەم لەودیو هێڵەکەوە دەڵێت: «ناسنامەکەم لەسەر... دەفتەرە بچووکەکەی شیعرەکانم وا لە... موفەکەرەکەی هەشتاونۆ تەنیا چلوسێ ڕۆژم لێ نووسیوە و ئیتر...» بە گەڕانەوە بۆ ژیاننامەی دڵشاد مەریوانی، دەزانین ئەمانە قسەی ئەون، دڵشاد لە ١٢ـی ٢ـی ١٩٨٩دا دەستگیر کراوە، موفەکەرە، دەکاتە دەفتەری ڕۆژانەنووسی، کەسەکە لە ماوەی ئەو ساڵەدا ڕۆژانەی خۆی دەنووسێتەوە، ئەگەر لە ١ـی ١ـوە تاکو ١٢ـی ٢ حساب بکەین، دەبینین دەکاتە چلوسێ ڕۆژ، ساڵیش هەمان ساڵ: ١٩٨٩، دڵشاد مەریوانی ئیتر لەوەبەدوا دەگیرێت و هیچ دێڕێکی تر لە موفەکەرەکەیدا نانووسێت.
کۆتایی چیرۆکەکە بەم جۆرەیە: «لە هەموو ژوورێکی ماڵەکەماندا ئاوێنەیەک و سەعاتێکی هەڵواسیبوو، پێی دەوتم: لە هەموو سەعاتێکدا چاوەڕوانم بە، لە هەموو ئاوێنەیەکیشدا پرچت دابێنە، حەزناکەم پرچت بە ژاکاوی ببینم.
چەندین جار سەعاتەکان لە کاتی زستانەوە بوون بە کاتی هاوینە و لە کاتی هاوینەیشەوە هاتنەوە بۆ کاتی زستانە و چاوەڕوانیشم وەرزەکانی وەڕز کرد. کە بە بەردەم ئاوێنەکانیشا ڕەت دەبم، یان ڕوو وەردەگێڕم، یان چاو دەنوقێنم، نامەوێ خۆم بەو جلە ڕەشانەوە ببینم کە بۆ مەرگی ئەو لەبەرم کردووە، وەلێ لە هەموو چرکەیەکی سەعاتەکاندا چاوەڕوانی ئەو دەکەم!»
دیسان لە بەردەم ژنێکی تەنیا و چاوەڕوانداین.
سەرچاوە:
١/ کۆڕامانێک لە شیعر، کۆمەڵەدیدار، سازدانی: حەمەکاکەڕەش، لە بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپی یەکەم، ٢٠١٠.
٢/ حیکایەتەکانی بەفر، کۆمەڵەچیرۆک، شیرین. ك، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری-سلێمانی، چاپی یەکەم، ٢٠٠٢.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved